
کۆمپانیای DNO بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان زیاد دەکات
بەڕێوەبەری کۆمپانیای DNO ئاشکرای دەکات، بۆ ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاد دەکەن و ژمارەیەک بیرە نەوتی دیکەش بەرهەمهێنانی تێدا دەکەن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بیجان موسەفر رەحمانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای DNO ڕایگەیاند: بەرهەمهێنانی نەوت زۆر زیادیکردووە، مانگی ڕابردوو توانیمان پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین و تواناکانمان زۆر زیادیکردووە، ئەو بنکانەی کاری تێدا دەکەین بەگوێرەی ستانداری جیهانییە، بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت تەنیا ژمارە نییە، بەڵکوو گەواهیدەری پابەندی کۆمپانیاکەمانە.
گوتیشی: سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییەی لە بەغدا و ناوچەکە بۆمان دروست دەکرا و هێرشە درۆنییەکان، بەڵام بەردەوامبووین تا بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە، هەروەها بۆ ئەمساڵ کار لەسەر ئەوە دەکەین بەرهەمهێنان لە ژمارەیەک بیرە نەوتی دیکە دا بکەین و بەرهەمهێنانی نەوت سەدان هەزار بەرمیل زیاد دەبێت.
هەروەها بیجان موسەفر، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی دەکات، کە بەردەوام هاوکار و پاڵپشتییان بوونە.