نێچیرڤــــــــــــــــــــــــــان بــــارزانی بۆ وای گووت؟
ئاسۆ حاجی
لێكدانەوەی كۆمێنتی نێچیرڤان بارزانی وەك پاڵپشتیێك بۆ قسەكانی ئەردۆگان دەربارەی هەڵكردنی ئاڵا و پرسی شاری كەركوك، دەچێتە هەمان ئەو لێكدانەوە كورت بینەی كە دەیانەوێ خەڵك لەوە ئاگاداربكەنەوە كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی جدی نییە و بۆ ئەوەش تەنیا پشتیان بە لێدوانێكی عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەستووە كە گووتی “مەرج نییە ئەنجامی ڕیفراندۆم سەربەخۆیی بێت”.
بێگومان ترسی موفتی لەو كردار و هەڵمەتە ڕاگەیاندنەوە سەرچاوەدەگرێ كە گۆڕان و هاوبەرژەوەندیەكانی لە دژی پرسی سەربەخۆیی دەستیان پێكردوە كە ئەنجامی ڕاپرسیەكە بۆ بەرژەوەندی بەغدا بگۆڕن.
گۆڕان و میدیاكانی بن سێبەری كە چەندین ساڵە قەوانی ئەوە لێدەدەنەوە كە نێچیرڤان بارزانی لە ئەردۆگان و حكومەتی توركیا نزیكە و دۆستایەتی بەتینیان هەیە و بەرژەوەندی بازرگانی هەرێمی كوردستان وتوركیا لە ڕێگای ئەو دوو كەسە تێكەڵ بووە بە دڵنیایەوە لەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی باش تێگەیشتوون كە بە ڕوونی گووتی ئەو قسانەی ئەردۆگان تەنها هەوڵێكە بۆ كۆكردنەوەی بەڵێی زیاتر بۆ ڕاپرسی هەموواركردنەوەی دەستوور لە توركیا.
چۆن نێچیرڤان بارزانی ئەوە دەزانێ كە توركیا ئەو بەرژەوەندیە ئابوریەی خۆی لە هەرێمی كوردستان بە دڵڕاگرتنی بەغدا ناگۆڕێتەوە و ئەگەر ئەردۆگان ئەوەندە دژی ئاڵای كوردستان بوایە ئەوە بەر لە كەركوك لە ئەنقەڕە و ئەستەنبۆڵ هەڵنەدەكرا.
گۆڕان و میدیا هاوسۆزەكانی بەدوای دێڕ بە دێڕی ئەو لێدوانانە دادەچن كە لە دژی پرسی سەربەخۆیی دەدرێن و هەموو ئەو دژایەتی كردنەش لە دژایەتی پارتی گچكە دەكەنەوە بەو كارەشیان تەنها دەیانەوێ بە خەڵك بڵێن پارتیە فێڵتان لێ دەكا و دەیەوێ دەوڵەتێكتان بۆ دروست بكا بۆ ئەوەی تا هەتایە پارتی حوكمڕانی كوردستان بێ گۆڕان لێرەدا لە دۆخێكی دەروونی خراپدا كە بەهۆی دژایەتی كردنی پارتیەوە تێی كەوتوە ڕاستیێك دەدركێنێ كە ئەگەر بێت و سنوورەكانی كوردستان قایم بن و بوار نەمێنێ بۆ دەست تێوەردانی دەرەكی و حزبەكان تەنها سەرچاوەی توانایان گەلی كوڕدستان بێت ئەوە گۆڕان دۆڕاوی بەردەوامە لەبەرامبەر پارتی.