
هاتووچۆی هەولێر بۆ شوفێران: بە ئۆتۆمبێلی مەدەنیش چاودێریتان دەکەین
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، پلانی نوێی خۆی بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بۆ چاودێریکردنی سەرپێچییەکان، جگە لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس، ئۆتۆمبێلی تابلۆ شارستانی (مەدەنی) بەکار دەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر هۆشداری بە شۆفێران دەدات تیمەکانیان لە ترافیکلایتەکان و بازگە و مەفرەزەکان، هەروەها لەناو ئۆتۆمبێلەکانی هاتووچۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەن.
بڕیارەکان ئەمانەن:
یەکەم: ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.
دووەم: بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شوفێری ڕووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە.
سێیەم: بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی، لە ناوشار و لە دەرەوەی شار ڕووبەرووی سزای دارایی دەکرێتەوە. بۆیە خۆتان ڕابهێنن لەگەڵ داگیرساندنی ئۆتۆمبێل پشتێنی سەلامەتی ببەستن.
چوارەم: جام ڕەشکردن بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی نەشرە و فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز، دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزای دارایی دەدرێت.
پێنجەم: شوفێریکردن بێ مۆڵەت ڕووبەرووی دادگا و یاسا دەکرێتەوە.
شەشەم: ماتۆرسواری دیلیڤەری و هەر جۆرە ماتۆرێکی دیکە پێویستە هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت و بەفەرمی تۆمار کرا بێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
حەوتەم: ماتۆرسوار دەبێ مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت و کڵاو و پێداویستی سەلامەتی لەسەر بێت، بەپێچەوانەوە سزای داریی دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێ:” شوفێر پێویستە ئاگادار بێت هەموو کاتێک لەژێر چاودێری تیمەکانی هاتووچۆیە. تیمەکان ئۆتۆمبێلی مەدەنی (تابلۆ شارستانی) لەپاڵ ئۆتۆمبێلی میری بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان و پەیڕەوکردنی یاساکان.