سەرۆک بارزانی : بە هیچ شێوەیەک غەدرکردن لە کورد قبووڵکراو نییە

سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند: نابێت پشتیوانی لە توندوتیژی بکرێت و بە هیچ شێوەیەک غەدرکردن لە کورد قبووڵکراو نییە.

دەقی وتەکانی سەرۆک بارزانی :-

سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پاپا لیۆ، بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی كوردستان، زۆر بە لوتف بوو و ئاگاداری دۆخەكە بوو، بەڵێنیشی دا كە ئەگەر بێتە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیش بگات، وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیاش هەردووكیان دووپاتیان كردەوە كە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و پێشمەرگە، هەرچی پێیان بكرێت لەگەڵ دۆستەكانی دیكەیان لە ئەورووپا و ئەمریكا بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان بیكەن بەتایبەت ئەو دۆخە ئاڵۆزەی كە لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، كە نابێت غەدر لە كورد بكرێت.

پەیامی من بۆ هەمووان ئەوەیە كە بەرگریی لە مافی گەلی كورد بكەن، بەهیچ شێوەیەك پشتیوانیی لە توندوتیژی نەكەن و ببێتە شەڕی كورد و نەتەوەیەكی دیكە، شەڕی دوو نەتەوە كارەساتە نابێت كورد بەرەو ئەوە بچێت و دەبێت میدیا ڕۆڵی خۆی بگێرێت.

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستانیش سەرۆك بارزانی گوتی: هەر كە شەڕ لە حەلەب دەستی پێكرد، پەیامێكم نارد بۆ ئەحمەد شەرع، لە ڕێگەی دۆستێكی عەرەب، پەیامەكە ئەوە بوو كە شەڕی نێوان دوو هێزی سیاسی دەبێت عیلاج بكرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە تەعەدا لە كورد بكرێت، وتم ئەمە مەترسیدارە و دەبێت وریا بن، ئەحمەد شەرع داوای كرد كە بە تەلەفۆن قسە بكەین، منیش قسەم لەگەڵ كرد و جەختی كردەوە كە ئەمە نابێت و ڕێگا نادەن ڕوو بدات، پاشان تۆم باراك پەیوەندیی كرد و وتی حەزدەكەم بێمە هەولێر و مەزڵووم عەبدیش لەگەڵم بێت، ئێمە لە كۆبوونەوەدا بووین پێمان گوترا كە شەڕ دەستی پێكردووە، شەڕەكە ئەوە بوو كە ئەو عەشایرە عەرەبیانەی كە لەگەڵ بەشار ئەسەد بوون، پاشان كە داعش هات پەیوەندیان بە داعشەوە كرد پاشان پەیوەندییان بە هەسەدە كرد، ئێستا كە هێزی دیمەشق هاتۆتەوە جارێكی دیكە ئەم عەشایرانە وەلائی خۆیان گۆڕی، ناوچەكەیان ڕادەستی هێزەكانی دیمەشق كردەوە.

گوتیشی: من دەمێكە بە مەزڵووم عەبدیم گوتووە كە چارەسەرێك بدۆزنەوە ئەم ناوچە عەرەبیانە ڕەنگە لە داهاتوو ببنە كێشە، ئێستا ئەو ناوچە كوردییانەی كە ماون، هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە كە بمێنێت و پارێزراو بن و مافی خەڵكی ئێمە لەوێ بە هەرشێوەیەك بێت پارێزراو بێت بەو شێوەیەی كە خۆیان ڕێككەوتنی لەسەر دەكەن، دوێنێ جارێكی دیكە كۆبوونەوە لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراك و فەرماندەیی سێنتكۆم كراوە و ڕێككەوتن كراوە كە ئاگربەست بێت، هەندێ هەنگاوی باش نراوە و ئومێد دەكەین كە ئەم ئاگربەستە درێژە بكێشێت و بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدا بێت بێگومان شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ كەس و لایەنێك نییە و كردار شەرتە و پێویست بە قسە و موزایەدە و خۆدەرخستن ناكات.

سەبارەت بە مەترسییەكانی داعش، سەرۆك بارزانی گوتی: مەترسی داعش ئێجگار زۆرە و داعش تەواو نەبووە و ئەم دۆخەی كە ئێستا لە سووریا دروست بووە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ داعش، ئەمە هێشتا ڕوون نییە كە چەند لەو داعشانە هەڵاتوون بەڵام ژمارەیەكی زۆرن وەك ئەوەی زانیاریمان هەیە، ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە، ڕێككەوتنێك كراوە لەنێوان عێراق و ئەمریكییەكان كە ئەو داعشانەی كە ماون بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لە عێراق زیندانی بكرێن ئەمەش باشە ئەگەر ببێت بەڵام تاوەكوو ئێستا ڕوون نییە.

ڕاشیگەیاند: ئێمە دڵ و دەروونمان لەگەڵ برا و خوشكانمانن لە ڕۆژئاوا، هیچ كاتێك بڕوا و حەزیشم لە شەڕ نەبووە بەڵام بگاتە ئەوەی كە تەعەدا لە كورد بكرێت ئەوكاتە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو شتێك، ئێمە نامانەوێ بگاتە ئەوە، تا بگونجێت بە زمانی لێكتێگەیشتن و بە ئاشتی چارەسەری كێشەكان بكرێت ئەوە باشە بەڵام ئەگەر بەرنامەیەك هەبێت بۆ ئەوەی تەعەدا لە كورد بكرێت و كورد لە ناوچەكە نەمێنێت ئەوكاتە هەموومان یەكین.

سەبارەت بە دۆخی كۆبانێ، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند: هەرچی پێم بكرێت بۆیان دەیكەم، ئەگەر ئەو بوارەم هەبووایە وەكوو ساڵی 2014 ئێستا هێزم دەنارد بۆ كۆبانێ، بەڵام ئەو دەرفەتەی ئەو كاتە هەبوو ئێستا نییە، كۆبانێ لەچوارچێوەی ئەو ناوچانەیە كە ناوچەی كوردین و نابێـت دەستی لێ بدرێت، باس كراوە و ڕێككەوتن لەسەری كراوە، ئێمە لەسەر ئەوە دەڕۆین، لە ڕۆژی یەكەمەوە داوام لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد كە بە هەرچی توانایانە بچن بۆ كۆمەككردنی برا و خوشكانمان لە ڕۆژئاوا، سوپاس بۆ خوا ڕۆڵێكی باشیان بینیوە.

سەبارەت بە بەستنەوەی كۆبانێ بە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: كاری بۆ دەكرێت بەڵام وردەكارییەكە لەسەر هەلومەرجەكە وەستاوە ئاخۆ دۆخەكە چ گۆڕانێكی بەسەردا دێت.

سەبارەت بە بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرۆك بارزانی لە ڕۆژنامەنووسانی وت: حەزدەكەم كتێبی بۆ مێژوو بخوێننەوە، خۆت هەبی خەڵك هەیە خۆت نەبی كەست نییە.

 

 

 

 

 

 

Back to top button