ئەمریکا مانۆڕێکی سەربازی لە ئاسمانی ناوچەکە ئەنجام دەدات

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانیی نۆیەم (AFCENT) مانۆڕێکی ئامادەباشیی چەند ڕۆژە ئەنجام دەدات، بە ئامانجی نیشاندانی توانای بڵاوەپێکردن و بەردەوامیی هێزی ئاسمانیی جەنگی لە سنووری فەرماندەییەکەدا.

هەروەها سێنتکۆم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئامانج لەم مانۆڕە بەرزکردنەوەی توانای بڵاوەپێکردنی کەرەستە و کارمەندان، پتەوکردنی هاوبەشیی ناوچەیی و ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا لە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سێنتکۆم. هەروەها ڕێگەیەکە بۆ تاقیکردنەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی خێرای کارمەندان و فڕۆکەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شوێنە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی فرەنەتەوەیی.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم مانۆڕە پابەندبوونی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە بەرگری و ئاسایشی ناوچەکە لەپاڵ نەتەوە هاوبەشەکان دووپات دەکاتەوە. هەروەها پەیامی “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە” دەگەیەنێت، بە هەبوونی هێزێکی باوەڕپێکراو و ئامادە بۆ شەڕ، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە دەستدرێژی، کەمکردنەوەی مەترسیی هەڵە تێگەیشتن و دڵنیاییدان بە هاوبەشەکان.

Back to top button