کاتێک هەمووان بێ هیوا دەبن، حیکمەتی سەرۆک بارزانی دەبێتە کلیلی چارەسەر و پارێزەری کەرامەتی کوردستانیان
کاتێک دەوترێ سەرۆک بارزانی خەمخۆری نەتەوە و ئەندازیاری ئاشتییە لە خۆڕا نیە بەڵکو مێژوو سەلماندوویەتی چونکە لە مێژووی دوور و هاوچەرخی گەلاندا، زۆرن ئەو سەرکردانەی کە ناویان تۆمار کراوە، بەڵام کەمن ئەوانەی کە لە ساتەوەختە چارەنووسساز و هەستیارەکاندا دەتوانن ڕۆڵی “فریادڕەس” ببینن و گەلەکەیان لە لێواری کارەسات رزگار بکەن. لەم نێوەندەدا، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی جارێکی تر سەلماندی کە تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو باوکێکی ڕۆحی و مەرجەعێکی نەتەوەییە کە سنوورە دەستکردەکان تێدەپەڕێنێت و خەمی هەر چوار پارچەی کوردستان بە خەمی خۆی دەزانێت.
ئەمڕۆ کاتێک باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، دەبێت بە ئینسافەوە ئاوڕ لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی سەرۆک بارزانی بدەینەوە. بەهۆی ئەو ئەزموونە قوڵ و دوورودرێژەی لە کایەی سیاسەت و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا هەیەتی، جەنابیان زووتر لە هەمووان هەستی بەو مەترسییە گەورانە کرد کە لەسەر “وجوودیەتی کورد” لە سوریا دروست بووە.
تێگەیشتنی ئەو بۆ هاوکێشەکە ڕوون بوو، مانەوەی خاک و خەڵک گرنگترە لە هەر دروشمێکی تر. هەر بۆیە، بە حیکمەتێکی سیاسییەوە هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن و زەمینەسازی بۆ ڕێککەوتن لە نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی دیمەشق، وەک تاکە ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکاری و پاراستنی کورد لەو بەشەی نیشتمان.
ئەم هەوڵانەی سەرۆک بارزانی تەنها لە چوارچێوەی ئامۆژگاری سیاسیدا نەمانەوە، بەڵکو بوون بە هەڵمەتێکی دیبلۆماسی و مەیدانی فراوان. لە لایەکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی خستە گەڕ، لە سەردانەکانیدا بۆ ئەورووپا و دیداری مێژوویی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، دۆسیەی پاراستنی کوردانی خستە سەر مێزی گفتوگۆ. پەیامی جەنابیان بۆ سەرکردەی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە ڕوون بوو “نابێت مێژووی پڕ لە نەهامەتی و کارەساتی کورد دووبارە ببێتەوە.” ئەم فشارە دیبلۆماسییانە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە دروستکردنی ڕایەکی گشتی بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەهەندە مرۆییەکەی سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە ئامادەگی هەبوو. بەبێ هیچ دوودڵییەک و وەک باوکێک بۆ ڕۆڵەکانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاسپارد کە سنوورەکان ببڕن و بە هانای خوشک و براکانمانەوە بچن لە ڕۆژئاوا. ئەمە تەنها ناردنی هاوکاری نەبوو، بەڵکو پەیامێکی مەعنەوی گەورە بوو کە بە کوردانی ڕۆژئاوا بڵێت: “تەنها نین و پشت و پەناتان هەیە.”
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و هاندانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەگەر سەرکردەکانی تر تەنها بیر لە دەسەڵاتی کاتی بکەنەوە، ئەوا سەرۆک بارزانی بیر لە نەوەکانی داهاتوو و مانەوەی نەتەوەکەی دەکاتەوە. مێژوو شایەدی ئەوە دەدات کە لە کاتێکدا هەمووان بێ هیوا دەبن، حیکمەتی بارزانی دەبێتە کلیلی چارەسەر و پارێزەری کەرامەتی کوردستانیان.
“ڕێنوار جاف”