
سەرۆک بارزانی، کارێزمایەک لە سەرووی مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیەک
کاوە مستەفا
کاتێک باس لە کارێزمای جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین، باس لە تەنها سەرکردەیەکی سیاسی ناکەین، بەڵکو باس لە قوتابخانەیەکی خۆڕاگری، فەلسەفەیەک لە شکۆ و سیمبولێکی زیندوو دەکەین کە سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە چەتری کۆکەرەوەی تەواوی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەگەر خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی درابێت بەوانەی هەوڵی سەقامگیرییان داوە، ئەوا ئەمڕۆ جیهان و دامەزراوەی نۆبڵ قەرزاری سەرۆک بارزانین. ئەو سەرکردەیەی لە کەمترین ماوەدا، گەورەترین و دڕندەترین هێزی تیرۆریستیی جیهانی، داعش، تێکشکاند و کۆتایی بە گەورەترین مەترسیی سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا. جەنابیان نەک هەر خاکی پاراست، بەڵکو بەهاکانی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیانی لە جیهاندا پاراست؛ بۆیە نۆبڵ پێویستی بەوەیە ناوی بارزانی لە لاپەڕەکانیدا بنەخشێنێت بۆ ئەوەی مانا بە ئاشتی ببەخشێتەوە.
مێژوو سەلماندوویەتی کە گەورەیی ئەم پیاوە لەوەدایە کە هەرگیز خۆی لە چوارچێوەی پلە و پۆستدا نەبینیوەتەوە. ئەو کاتێک لە سەنگەردایە پێشمەرگەیە، کاتێک لە کۆڕی دیپلۆماسیی جیهانی دایە سەرۆکە، و کاتێک نەتەوەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە باوکێکی ڕۆحی و مەرجەعێکی باوەڕپێکراوە.
لەسەر ئاستی نەتەوەیی، کاتێک ئاگری شەڕ لە نێوان حکومەتی سوریا و لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگیرسا و مەترسییەکی گەورە لەسەر گەلی کورد دروست بوو، جەنابی سەرۆک بارزانی وەک پارێزەری هەمیشەیی مافەکانی کورد، بەپەلە ڕووی لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان کرد. ئەو لەوێوە هەموو جیهانی هەژاند و سەرجەم نوێنەرایەتییەکانی کوردی لە سەرتاسەری جیهان ئاگادار کردەوە کە نابێت لە ئاست ئەو غەدرە گەورەیەدا بێدەنگ بن کە لە ڕۆژئاوا بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت. پەیامی جەنابیان بۆ زلهێزەکان و وڵاتانی جیهان زۆر ڕوون و پۆڵایین بوو: “ئێمە هەموومان دەمرین، بەڵام تەنازول لە یەک بستی خاکی خۆمان ناکەین و تا دوا دڵۆپەی خوێن بەرگری دەکەین.” هەر ئەم هەڵوێستە نەتەوەییە و حیکمەتی دیپلۆماسیی جەنابیان بوو کە وایکرد وڵاتانی بڕیارەدەستی جیهان بێنە سەر خەت و ئاگربەستێکی هەمیشەیی ڕابگەیەنرێت و کورد لەو مەترسییە گەورەیە ڕزگار بکرێت.
جەنابی سەرۆک بارزانی، تەنها لە کاتی شەڕدا لە پێشەوە نییە، بەڵکو لە کاتی تەنگانە و مرۆڤایەتیشدا یەکەم کەسە. ڕاسپاردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکان و گەیاندنی هاوکاری بە خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا و پارچەکانی تری کوردستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دڵی بارزانی بۆ هەموو کوردێک لێدەدات. ئەو نیشانی دا کە مرۆڤدۆستی و نەتەوەییبوون لای ئەو سنوور ناناسێت.
جیاوازیی نێوان سەرکردە و سیاسەتمەدار لەوەدایە؛ سیاسەتمەدار بیر لە هەڵبژاردنی داهاتوو و دەسەڵاتی کاتی دەکاتەوە، بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی بیر لە نەوەکانی داهاتوو و مانەوەی هەمیشەیی نەتەوەکەی دەکاتەوە. هەر هەنگاوێکی، هەر بڕیارێکی و هەر بێدەنگییەکی، وانەیەکە لە ستراتیژ و دووربینی.
لە ئەنجامدا، دەتوانین بڵێین سەرۆک بارزانی تەنها مێژووی نەنووسیوەتەوە، بەڵکو مێژووی بۆ نەتەوەکەی دروست کردووە. ئەو وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی و پارێزەری بەها پیرۆزەکان، بووەتە گەرەنتییەک بۆ مانەوە و بەردەوامیی خەباتی ڕەوای گەلی کورد. ناوی بارزانی بۆ هەمیشە وەک سیمبولی خۆڕاگری و ناسنامەی نەتەوەیەکی زیندوو لە ویژدانی مێژوودا دەمێنێتەوە و ڕێچکەی ئەو دەبێتە چرای ڕێگەی نەوەکانی داهاتوو.