
داوایەک ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە بەنیازی عومڕەن
گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایدەگەیێنێت:” ئەو 200 عومڕەکارەی لە سعودیە گیران خواردبوو، سبەی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان و، داوایەکیش ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە بەنیازن گەشتی عومڕە ئەنجام بدەن .
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دەزگای میدیایی خواکوڕکی گوت:” بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانی ئاسمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک عومڕەکاری هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیریان خواردبوو، دەستمان بە ڕێکارەکان کرد بۆ گەڕانەوەیان و، پاسمان بۆیان دابین کرد.
گوتیشی:” لە ئێستادا ئەو عومڕەکارانە کە ژمارەیان نزیکەی 200 عومڕەکارە بەڕێکەوتوون و لە ڕێگادان بۆ گەڕانەوە، چاوەڕوان دەکرێت درەنگانی سبەی یەکشەممە، بگەنەوە هەرێمی کوردستان .
باسی لەوەشکرد:” لە ڕۆژانی داهاتوو هەموو ئەوانەی تریش کە ماون تاوەکو فڕۆکەخانەکان داخراوە بن بە ڕێگای وشکانی دەیانگەڕێنینەوە .
گوتەبێژی حەج و عومڕە، داواش دەکات:” ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان بەنیازی عومڕەن، گەشتەکانیان دوا بخەن تاوەکو بارەدۆخی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە، چونکە لەوانەیە بەهۆی مەترسی هاتووچۆی ڕێگای وشکانیش ڕابگیرێت .