
وەزارەتی پێشمەرگە: بارەگای فیرقەی 11 لە دێگەڵە بە درۆن کراوەتە ئامانج
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمشەو بارەگای فیرقەی 11 لە دێگەڵە بە درۆن کراوەتە ئامانج و هۆشداریش دەدات کە ئەم کارە بێ وەڵام نابێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەوروبەری شارەدێی دێگەڵە، لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە (درۆن) پەلامار دراوە.
وەزارەتەکە ئەم پەلامارەی بە “تێکدەرانە” وەسف کردووە کە هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و نانەوەی پشێویی زیاتر.
لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات، سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لە یاساییانە دابنێت و بەرپرسیاران ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریی توندی داوە و دووپاتی کردووەتەوە “بەردەوامیدان بەم کردەوە تیرۆریستییانە بێ وەڵام نابێت”.