
وەزارەتی ناوخۆ 9 ڕێنمایی و هۆشداری گرنگی بۆ کاتی کەوتنەخوارەوەی درۆن و مووشەک بڵاوکردەوە
هەواڵەکان – وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات، کۆمەڵێک هۆشداری و ڕێنمایی گرنگی ئاراستەی هاوڵاتیان کرد لە ئەگەری ڕوودانی هێرشی مووشەکی یان کەوتنەخوارەوەی درۆن، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان و کەمکردنەوەی زیانەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆن، کە ئاراستەی هاوڵاتیان کراوە، داوا دەکرێت لە کاتی ڕووداوی لەم شێوەیەدا لە پێناو پاراستنی خۆیان و ئازیزانیان، بەوردی پابەندی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بن:
١- چۆڵکردنی شوێنەکە: دەستبەجێ شوێنی ڕووداوەکە و ناوچەی بەئامانجگیراو جێبهێڵن و خۆیان لە دروستکردنی قەرەباڵغی بەدوور بگرن.
٢- هاوکاریکردنی هێزەکان: هاوکاری تەواوی تیمە ئەمنییەکان بکەن و ڕێنماییەکانیان جێبەجێ بکەن، هەروەها نابێت ببنە ڕێگر و بەربەست لەبەردەم گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە.
٣- خۆپاراستن لە پاشماوەکان: بە هیچ شێوەیەک دەستکاری پاشماوە جەنگییەکان نەکرێت، چونکە مەترسی دووبارە تەقینەوەیان لێ دەکرێت.
٤- پەیوەندیکردن بە لایەنی فەرمی: لە کاتی ڕووداوەکەدا، ڕاستەوخۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکرێنەوە.
٥- وێنەنەگرتنی شوێنەکە: خۆیان بەدوور بگرن لە گرتنی وێنەی شوێنی ڕووداوەکە و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
٦- پشت بەستن بە سەرچاوەی فەرمی: تەنها چاودێری سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکانی حکومەت بکەن بۆ وەرگرتنی هەواڵ و دووربکەونەوە لە دەنگۆ و پروپاگەندە.
٧- کۆنتڕۆڵکردنی دڵەڕاوکێ: دڵنیابن لە سەلامەتی خۆتان و خێزانەکانتان، بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەو دۆخەدا کەم بکەنەوە.
٨- ڕێنمایی بۆ ناو ماڵ و شوێنی کار: ئەگەر لە کاتی ڕووداوەکەدا لەناو ماڵ یان ئۆفیسی کارکردن بوون، پێویستە لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە و بەکارهێنانی بەرزکەرەوە (مەسعەد) بە تەواوی قەدەغەیە.
٩- ڕێنمایی بۆ شۆفێران: ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون، پێویستە لە تەنیشت ڕێگاکە بوەستن و لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان بمێننەوە، بە مەرجێک مەودایەکی سەلامەت لە شوێنی بەئامانجگیراوەوە جێبهێڵن.
بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێنماییانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئەمنی و سەلامەتیی گشتیی هاوڵاتیان لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا.