
ئەنجومەنی ئاسایش هۆشدارییەکی توند دەداتە میدیاکان و بەرپرسان
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دەدات لە بڵاوکردەوەی هەر زانیارییەکی هەستیار کە زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت. ئەنجومەنەکە دژەتیرۆری کوردستانی ڕاسپاردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن یان بەرپرسێک کە بە لێدوان و هەواڵەکانیان خزمەت بە نەیاران بکەن .
دەقی ڕاگەیاندراوەکە :
بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەركی هەموو دەزگەكانی ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم هاووڵاتییانە كە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەن و خۆیان لە هەرجۆرە ڕەفتارێك یان بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەك بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە فەرمان بە دژەتیرۆری كوردستان كراوە كە هەر دەزگەیەكی ڕاگەیاندن بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەكان و پۆششدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەكانی شەڕ و پەلامارەكانی دوژمن، زیان لە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات، دەستبەجێ ئەو دەزگەیە لەلایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە دەبێت و بەپێی یاسا ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، .
هەروەها هەر بەرپرسێكیش بەهۆی لێدوانەكانی ببێتە هۆی ئاشكرابوونی زانیاریی هەستیار و لێدوانەكانی خزمەتی دوژمن بكات و زیان لە ئاسایشی هەرێم بدات، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.