فراکسیۆنی پارتی بێدەنگی شکاند؛ وەڵامێکی توند بۆ هەڕەشەکانی هەندێک فراکسیۆنی بەغدا دەداتەوە!

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە وەڵامی بەیاننامە هەڕەشەئامێزەکانی هەندێک لایەنی بەغدا ڕایگەیاند: “لەبری هەڕەشە، وەرن کێشەکان بە دەستوور چارەسەر بکەن.”

پارتی جەخت دەکاتەوە کە بەپێی ماددەی 112ی دەستوور، بەڕێوەبردنی نەوت دەبێت “پێکەوە” بێت نەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی بەغدا بێت. داواش دەکەن حکومەتی فیدراڵ لەبڕی بەیاننامەی سیاسی، تیمی تەکنیکی بنێرێت بۆ ڕێککەوتن.

دەقی ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

دوای ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران کۆمەڵێک ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە کە هەڕەشە و گوڕەشەی تێدابوو.

لێرەدا دەمانەوێت بۆ هەمووانی ڕوون بکەینەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریپێکردنی تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان لە دانوستانی بەپەلە و دەستبەجێدا، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گەیشتن بە چارەسەری خێرا کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیی وڵات بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور دەگرێت و پابەندە پێیەوە، چاوەڕوانیش لە بەغدا دەکات ڕێز لەو مافانەی بگرێت کە لە دەستووردا چەسپێنراون و دەست هەڵبگرێت لە پێشێلکردنیان.

وەک لە ماددەی (١١٢)ی دەستووری عێراقدا هاتووە:

“حکومەتی فیدراڵ و حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێکەوە هەڵدەستن بە داڕشتنی سیاستە ستراتیژییە پێویستەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز، بە شێوەیەک کە بەرزترین دەستکەوت بۆ گەلی عێراق بەدەست بهێنرێت، بە پشت بەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیا و بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان”.

لێرەدا جەخت لەسەر وشەی (پێکەوە) دەکەینەوە، چونکە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە تەنها بۆ حکومەتی فیدراڵ نییە وەک ئەوەی هەندێک لەو فراکسیۆنانە بانگەشەی بۆ دەکەن.

بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین بە پەلە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لە جیاتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی هەڕەشەئامێز.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

Back to top button