هاتووچۆی هەولێر پلانێکی نوێ بۆ ڕۆژانی جەژن ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم شۆفێرانی بارهەڵگر و خاوەن ماتۆڕسکیلەکان کرد، کە تێیدا هاتووە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە ڕێگاوبانەکاندا، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ چەند جۆرە ئۆتۆمبێلێک دەرکراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، هاتووچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل لەو ڕێگایانەی بەرەو سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکان دەچن، لە کاتژمێر 7ی بەیانی تا 12ی شەو قەدەغە دەبێت.

جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە تەنها بۆ پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران و ڕێگرییە لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، داواش لە شۆفێران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن بۆ ئەوەی دووچاری سزای یاسایی نەبنەوە.

Back to top button