
مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی فیدراڵی گشت زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بكاتەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، داوا لە بەغدا دەکات بەرپرسیارێتیی یاسایی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی 46ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی بڵاوکردەوە و، ئاماژەی بەوە کردووە، شاڵاوەکانی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی لەلایەن رژێمەکانی پێشووی عێراق و بەتایبەتی رژێمی بەعسەوە ئەنجام دراون و بوونەتە هۆی شەهیدکردن، دەرکردن، بێسەروشوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی سەدان هەزار هاووڵاتیی کوردی فەیلی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستیشی دەزانێت، حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی شایستە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی کوردی فەیلی، شەهیدانی کیمیاباران، ئەنفالکراوان و سەرجەم قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتی “لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین”.