وەزارەتی پێشمەرگە: بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ٥ی نیسان، گرووپە تیرۆریستییە لەیاسادەرچووەکان لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە ناوچە جیاوازەکان چڕ بوونەتەوە و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێرشانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق هیچ هەڵوێستێکی جیدییان بۆ ڕێگریکردن لێیان نەبووە. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە پێشمەرگە بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و پاراستنی ئاسایش، بۆیە پێویستە دەستدرێژییەکان بە خێرایی بوەستێنرێن و تاوانکاران سزا بدرێن.

لە کۆتاییدا وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کرد و ڕایگەیاند: “لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق و کوردستان، دانمان بە خۆماندا گرتووە، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەر بەو شێوەیە بێ هەڵوێست بمێنێتەوە، ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان هەبێت.”

Back to top button