
وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سوودانی : پێویستە سنوورێک بۆ ئەم هێرش و بۆردوومانانە دابنرێت
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لەئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون، ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی (مووسا ئەنوەر) بە ئامانج گیرا، کە بەداخەوە خۆی و هاوسەرەکەی شەهید بوون.
لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە، شەوی رابردوو، 6ـی نیسانی 2026، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کە لەلایەن گرووپە تیر.ۆرستیە لە یاسا دەرچووەکانەوە ئاراستە کرابوون، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هەمان شەو، لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لەئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی (مووسا ئەنوەر) بە ئامانج گیرا، کە بەداخەوە خۆی و هاوسەرەکەی شەهید بوون.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم دەستدرێژیانە، بەردەوامی ئەو زنجیرە هێرشە تێکدەرانەیە کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە،” وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت.
وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشکردووە، جارێکی دیکە بەرپرسیارێتیی ئەم بۆردوومانانە دەخەینە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق.
لەکۆتایشدا پەیامێک ئاراستەی سوودانی دەکات و، دەڵێ، لەسەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێویستە ئەرکە یاسایی و ئەمنی و دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سنوورێک بۆ ئەم هێرش و بۆردوومانانە دابنێت.