داستانی کۆڕێ؛ چۆن پێشمەرگە لە بەردەم تانک و تۆپدا ئیرادەی بەعسی تێکشکاند؟

ئەمڕۆ ساڵیادی داستانی کۆڕێیە؛ ئەو داستانە پڕ سەروەرییەی کە لە نێوان 7 بۆ 11ی نیسانی 1991دا تۆمار کرا و بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا. دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس پاش ڕاپەڕین هەولێری داگیر کرد و بە هێزێکی زۆری زرێپۆش و فڕۆکە بەرەو شەقڵاوە و سۆران کەوتە ڕێ، پێشمەرگە بە بڕیارێکی مێژوویی و لەژێر فەرمانی سەرۆک بارزانیدا، هێڵی بەرگریی بەهێزی لە دەربەندی کۆڕێ دروست کرد.

پێشمەرگە بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و بە چەکی کەم، بەرامبەر سوپایەکی پڕچەک وەستایەوە. لە شەڕێکی سەختی مان و نەماندا، قارەمانێتیی پێشمەرگە بووە هۆی ئەوەی تانک و تۆپەکانی بەعس تێکبشکێنرێن و هێزەکانی ڕژێم ناچار بە پاشەکشەیەکی مێژوویی بکرێن. لە 11ی نیساندا، مژدەی سەرکەوتنی کۆڕێ بە هەموو کوردستان گەیشت و نەخشەی پیلانگێڕیی داگیرکاریی ڕژێم پووچەڵ کرایەوە.

ئەم داستانە تەنها سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو خوێنی شەهیدانی کۆڕێ بووە هەوێنی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکی کوردستان. ئەمڕۆ کە 35 ساڵ بەسەر ئەو داستانەدا تێدەپەڕێت، نەوەکان بە شانازییەوە یادی ئەو قارەمانێتییە دەکەنەوە کە شکۆی نەتەوەیەکی پاراست.

Back to top button