ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

هاووڵاتیانى خۆشەویست

سەبارەت بەو بارودۆخەى بۆ کەرکوک هاتۆتەپێش، ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان وەکو هەمیشە پاڵپشتى لە مافى پێکهاتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەین و بەو پەڕى ڕاشکاوییەوە ڕایدەگەیەنین کە سەقامگیرى و پێشکەوتنى وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنى مافە ڕەواکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و ئاینزاکان و، بڕواشمان وایە کەرکوک مەڵبەندى پێکەوەژیانى تەواوى پێکهاتەکانیەتى.

هەڵوێستى پارتیمان ڕوون و ئاشکرایە و دژى ئەو سەفەقاتانە بووین کەبەدەر لە نیازپاکى لە هۆتێل ڕەشید بەبێ بەشدارى لایەنە سیاسییەکانى کە نوێنەرایەتى خەڵکى خۆڕاگرى کەرکوکیان دەکرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەى ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەرى ئەو سەفەقاتانەیە!

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان قوربانى زۆرمان لە پێناو کەرکوک وەکو نیشتمان و خەڵکە ئازیزەکەى داوە و، هەموو هەڵوێست و هەوڵەکانمان بۆ سەربەرزى و بەختەوەرییان بووە، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە دا دەبین کە بە هاوبەشى هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانى پێکهاتەکانەوە بدرێن.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژى پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ـی نیسانى ٢٠٢٦

Back to top button