پێشەوا هەورامانی: ئەمریکییەکان باش دەزانن چەکەکانیان لای کێیە و دواتر بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە

لە ڕاگەیاندراوێکدا، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حزبێکی بە چەواشەکاری تۆمەتبار کرد و دەڵێ، هەوڵەکان بۆ دوو ئیدارەیی شکستیان هێناوە. دەشڵێ:” ڕاستیی ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەر لایەنێک بێت ئاشکرا دەبێت و پێویست ناکات هیچ لایەنێک بۆ شاردنەوەی گومانەکان لەسەر خۆی، لایەنی دیکە تۆمەتبار بکات.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕایگەیاندووە، لەمیدیاکانەوە سەرۆکی حزبێک باسی ئەوەی کردووە کە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییە و هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمەریکی کۆمەڵێک چەواشەکاری کردوون.

دەشڵیت: لای هەمووان روونە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دەستووری دانپێدانراوی فیدراڵییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و رەنجی خەڵکی کوردستانە. هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی کردنی، بەڵام رێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت.

باسی لەوەشکردووە:” لە بارەی ئەو چەکانەی گوایە باس دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە بە لایەنێکی کوردی دراوە سەرۆکی ئەو حزبە خۆی بێ بەری دەکات و لایەنی دیکە تاوانبار دەکات و لەڕاگەیاندنەکانییانەوە خەریکی چەواشەکارین.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو راستییەکەی بۆ هەموو لایەک روون دەبێتەوە و پێویست بەو هەموو چەواشەکارییە نییە.

لە کۆتایشدا دەڵێت: سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نییە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەرێ بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و دارو دەستەکەی لا ببات.

Back to top button