کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتە 85٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی “ڕووناکی” کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام ڕاگەیەندراوە، قۆناغی زۆر گەورەی بڕیوە. بەپێی ئامارەکان، ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون، ئەمەش زیاتر لە 85٪ی کۆی دانیشتووانی هەرێم پێکدەهێنێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:” نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە زیاتر لە 85%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوونە.

ڕاشیگەیاندووە:” لەچوارچێوەی ئەم هەنگاوەش تەواوی شارەکانی زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین، پیرمام، ئاکرێ، سیمێل و کۆیە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی.

دەشڵێ:” هەموو هاوبەشانی ماڵان کە دەبنە بەشێک لە پڕۆژەی ڕووناکی لەو ناوچانە لە داشکاندن بەڕێژەی 50٪، 25٪ و 15٪ لەسەر پسوولەی کارەبا بۆ سێ مانگی یەکەم وەک بەشێک لە قۆناغی ڕاگوزەری بۆ نرخە نوێیەکانی کارەبا سوودمەنددەبن.

هەروەها، زیاتر لە 5,900 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی 85٪ی کۆی گشتی مۆلیدەکانی کوردستان، و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

Back to top button