
وەزارەتی ناوخۆ: ئەوانەی چەکەکانیان بردووە دەیانەوێت ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دەنگۆی هەڵگرتنی ئەو چەکانەی ئەمریکا بڵاو کردەوە کە لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیدا باسیان لێوە کرابوو، وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە ئەو قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراون و سکاڵا تۆمار دەکەین.
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتەکە هاتووە، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی هەشت، بێژەر و کادرێکی حزبی، گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمریکا دەکەن و کادرەکە باس لەوە دەکات گوایە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون، بەڵام ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکارین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستیی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
لە کۆتاییدا وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردووەتەوە کە وەک مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و پێویستە لە بەردەم دادگا، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگینا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوە بدەن.