
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتییەکەی گەڕەکی باداوەی ڕاگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان توانیویانە سەرجەم تۆمەتبارانی ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتی (مەعروف ڕەحمان حوسێن) دەستگیر بکەن، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر ببووە قوربانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ٣ی ئایاری ٢٠٢٦ لە ڕووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی باداوە ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا و لە هەمان ڕۆژی ڕووداوەکە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی (ڕ. ب. ف)، (ڕ. ئە. س)، (ئە. ج. ع) و (ک. ج. ص) دەستگیر کران، بەڵام تۆمەتباری سەرەکی و ئەنجامدەری تاوانەکە بەناوی (س. ن. ط) بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی ئایاری ٢٠٢٦، شوێنی تۆمەتباری سەرەکی لە دەرەوەی شاری هەولێر دەستنیشان کرا و لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کرا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە سەرجەم تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان ڕەوانەی دادگا کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکانیان بەرانبەر بگیریتە بەر.