هۆزان شێخ مەزهەر کاکی هیرانی، وازهێنانی لە یەکێتی ڕاگەیاند

هۆزان شێخ مەزهەر کاکی هیرانی، بە فەرمی کۆتاییهاتنی تەواوی پێوەندییە حزبی و ئۆرگانییەکانی خۆی لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند و ئاشکرای کرد کە بە هۆی “زوڵم و تەعەدای قوباد تاڵەبانی و لێپرسراوی نووسینگەکەی” و هەڕەشەی فڕاندن، ناچار بووە ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکات.

لە ڕاگەیاندراوێکدا، هۆزان شێخ مەزهەر کاکی هیرانی، لەبارەی وازهێنانی لە یەکێتی ڕایگەیاند:” لێرەوە دەمەوێت بەهەموو لايەکی ڕابگەينم، کە من ( هۆزان شێخ مەزهەر کاکی هیرانی) هيچ پەيوەنديەکی حزبی و ئۆرگانیم بە يەکێتی نيشتمانیی کورستان نەماوە، لەمەودوا کەسێکی ئازادم چۆن بڕيار دەدەم و لەکوێ خەباتی سیاسیی و ڕێکخراوەییم پەرەپێدەدەم.

دەشڵێ:” هۆکاری وازهێنانم زۆرن، بەڵام ئەوەی زیاتر ئازاری دام، ئەو يەکێتيیەی ئێستا لە دزی و قاچاخچێتی و سەرانە وەرگرتن لە خەڵک و کادری خۆی هيچی تر نيە، ئەوانەی ئێستا یەکێتیی بەڕێوەدەبەن، لەو شوێنانە پەروەردە بوون، کە تەنها فێری قوڵبڕينی خەڵك بوون و نازانن خەڵکی ڕەسەن و خانەوادە کێن؟ تەنها ئەوانە دەناسن و جێگەیان دەبێتەوە کە زاڵمانە خەڵکيان بۆ دەکوژن پارە و ئافرەتییان بۆ دەهێنن.

باسی لەوەشکردووە:” ئەم ئەتوار و سیفەتە نا ئەخلاقی و ناشرینەیان وایان لە هەزاری وەکو ئێمە و مانان کرد، کە نەفرەت لە خەباتی چەند ساڵەی خۆمان بکەين لە ڕێزەکانی ئەم يەکێتيیە…

زیاتر گوتی:” دەمەوێ خەڵکی کوردستان دڵنیابکەمەوە، ئەوەی قوباد تاڵەبانی و عەتای بەرپرسی نوسينگەکەی لە سلێمانی بەرامبەر منیان کرد زۆڵم و تەعدایەکی گەورەبوو، سەڕەرای بردنی پڕۆژەکانم و لێسەندنی ملیاران دینار، کە هەمووی بە بەڵگەوە لام پارێزراوە و لەکاتی خۆی بڵاو دەکەمەوە.

گوتیشی:” خۆی تیمەکەی هەڵسان بە ناشرینکردنی ناو و ناوبانگم و تیرۆری مەعنەویشیان کردم دوایی دەرکردنم لە سلێمانی و رۆژانە هەرەشەی کوشتن و فڕاندنيان لێ دەکردم ناچار چوومەتە دەرەوەی وڵات.

هۆزان شێخ مەزهەر کاکی هیرانی دەشڵێ:” رۆژی ئەوان دەکەم و هەرگیز پاشەکشە لە حەق و مافی خۆم ناکەم و رۆژی ئەوانیش دێت، کە دەکەونە بەر سزای دونیایەک مەزڵووم و خەڵکی بێ کەس و خاوەن ئەخلاق و بەهای گەورە.

Back to top button