
وەزارەتی تەندروستی: تا ئێستا هیچ حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڤایرۆسی هانتا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دڵنیایی دەدات کە لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زۆر بەووردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی WHO بەدواداچوونی ئەم حاڵەتەی کردووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە: “ڤایرۆسی هانتا Hantavirus نەخۆشیەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە لەڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا یان لەگەڵ دەرهاویشتەکانیان دەگوازرێتەوە، هەوکردن ڕوودەدات بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری تووشبوو بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ.”
ڕاشیگەیاندووە: “بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، هەموو ساڵێک پێشبینی دەکرێت لەنێوان 10 بۆ زیاتر لە 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لەجیهاندا ڕووبدات، نیشانەکانی وەکو (تا، ماندووبوونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسولکەکان و ڕشانەوە و کۆکە و تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە توندەکاندا دەردەکەوێت و ڕێژەی مردن لە 20٪ بۆ 50٪ دەبێت.”
وەزارەتی تەندروستی جەختیشی کردووەتەوە؛” لە ماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زۆر بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی WHO بەدواداچوونی ئەم حالەتەی کردووە.
ئەوەش خراوەتە روو: “خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا Hantavirus بوونی نیە لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی و زانیاری تەکنیکی و ڕێنمایی پەیوەندیدار و ڕێگەی پشکنین و تاقیگە و چارەسەرییە پێویستیەکان و هۆشیاری تەندروستی دەگرێتەبەر لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیە پەیوەندارەکان و هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئێستادا هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاوڵاتیان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی لەئارادا نیە تەنها ڕێوشوێنەکانی تەندروستی گشتی جەخت لەسەر چاودێریکردن و پتەوکردنی بەرنامەی پەتازانی بۆ زوو دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و ڕۆشنبیری تەندروستی و پاکوخاوێنی ژینگە و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی قرتێنەر ڕێککاری هەنووکەییە.”