
وەزارەتی دارایی: دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسان گەیشتە هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە کەمێک لەمەوبەر دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر هەژمارەکە بریتییە لە (961،736،000،000) نۆ سەد و شەست و یەک ملیار و حەوت سەد و سی و شەش ملیۆن دینار.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی (16,624,814,478) شانزە ملیار و شەش سەد و بیست و چوار ملیۆن و هەشت سەد و چواردە هەزار و چوار سەد و حەفتا و هەشت دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان نەناردووە.
ئەم بڕە پارە بڕدراوە وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.