مەسرور بارزانی ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو بۆ سۆران دا

لە ڕاگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ڕایگەیاند، دوابەدوای داواکارییان لە ڕێکەوتی 17ی ئابی 2025 بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نوێی ستراتیجی ئاو بۆ شاری سۆران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێی ئاو لە شاری سۆران بە قەبارەی 3000 مەتر سێجا لە سەعاتێکدا، بە تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی 157,400,000,000 دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2026.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە بەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە دراوە کە بریتین لە وەرگری ئاو لەسەر ڕووبار بە توانای 3300 مەتر سێجا لە سەعاتێکدا، یەکەکانی چارەسەرکردن و پاڵاوتنی ئاو بە توانای 3000 مەتر سێجا لە سەعاتێکدا، وێستگەی پەمپکردن بە توانای 3000 مەتر سێجا لە سەعاتێکدا، سێ عەمباری ئاو بۆ شاری سۆران کە دوویان قەبارەیان 15,000 مەتر سێجایە و یەکێکیان 10,000 مەتر سێجایە، هێڵەکانی گواستنەوە و تۆڕی دابەشکردنی ئاو بە درێژایی سەرووی 200 کیلۆمەتر، گەیاندنی هێڵی وزەی کارەبای 33 کەی ڤی، سیستەمی کۆنترۆڵ و ئامێرسازی و پێوەندی، لەگەڵ ژووری کۆنترۆڵی ناوەندی.

هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، توانای بەرهەمهێنانی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە لە 49,600 مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بۆ 97,600 مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، توانای عەمبارکردنیش لە 10,800 مەتر سێجا بۆ 50,800 مەتر سێجا زیاد دەکات. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئاو بۆ هاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانەی لەژێر دروستکردندان لەگەڵ ئاوەدانیی زیاتری شاری سۆران، زەوی پێویستیش بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامییەتی شارۆکەی ڕواندز.

لە کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2026 پێشکەشی شاری سۆرانی کردووە، نیشانەی پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان، تەندروستیی گشتی، گەشەسەندنی بەردەوامی شارستانی و گرنگیدانە بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

Back to top button