دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ جەژن هاوکاری زیاتر لە 26 هەزار خێزانی کردووە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، کەمپەینێکی بەرفراوانی مرۆیی بۆ هاوکاریکردنی خێزانە کەمداهاتەکان، ئاوارەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ناوچە دابڕێندراوەکان و دەرەوەی وڵات بەڕێوەبرد. بەپێی ئامارە گشتییەکانی دەزگاکە، تەنیا لە بەخشینی خۆراک، ئارد و گۆشتی قوربانیدا زیاتر لە 26,570 خێزان سوودمەند بوون، کە هاوکارییەکان بەم شێوازە دابەش بوون:

• دابەشکردنی پارسیڵی خۆراک بەسەر 13,270 خێزاندا.
• بەخشینی ئارد بەسەر 6,800 خێزاندا.
• گەیاندنی گۆشتی قوربانی بەسەر 6,500 خێزاندا.
• دابینکردنی جلوبەرگی جەژن بۆ 325 کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت.

کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؛ دابەشکردنی 3 تۆن گۆشت

لە سنووری پارێزگای کەرکووک و قەزای دووبز، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی گەورەی گەیاندنی هاوکاریی دەستپێکرد، کە تێیدا 3 تۆن گۆشتی قوربانی بەسەر 1,000 خێزانی کەمداهاتدا دابەش کرا. هاوکات لە گوندەکانی دەوروبەری پارێزگاکە وەک پەلکانە، شەنەغە، قەپران و سەربەشاخ، زیاتر لە 200 خێزانی دیکە بەشە گۆشتیان پێشکەش کرا بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانیان لە جەژندا.

چالاکییەکانی سنووری هەولێر و ئیدارەی سۆران

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 395 خێزان و لە سنووری مێرگەسۆر و بلێ 200 کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت سوودمەند بوون لە وەرگرتنی گۆشت و سەبەتەی خۆراک. هەروەها لە کەمپەکانی بەحرکە و دیبەگە، هاوکاریی فراوان گەیێندرایە ئاوارەکان؛ بە جۆرێک لە دیبەگە 674 خێزان (کە پێکهاتبوون لە 3,499 کەس) و لە کەمپی بەحرکە 55 خێزان گۆشتی قوربانییان وەرگرت، لە کەمپی حەسەن شامیش جلوبەرگ و شیر بۆ 100 منداڵ دابین کرا.

سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان

لە پارێزگای سلێمانی و بە دیاریکراوی لە شارەدێی پیرەمەگرون، تەنیا لە یەک ڕۆژدا 1,500 کیلۆگرام گۆشتی قوربانی بەسەر 750 خێزاندا دابەش کرا. لە سنووری گەرمیان و دەربەندیخانیش، زیاتر لە 800 کیلۆگرام گۆشت بەسەر 400 خێزانی گەڕەکەکانی سەرا و کانی توودا دابەش کرا، لە کاتێکدا لە ناحیەی سیروان و بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، 638 کیلۆگرام گۆشت گەیاندرایە دەستی 319 خێزانی کەمداهات.

دهۆک، زاخۆ و ئامێدی

لە پارێزگای دهۆک، گرنگییەکی زۆر بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان درا و 515 کەس گۆشتی قوربانییان پێدرا. هاوکات لە قەزای ئاکرێ 270 خێزان، لە زاخۆ 270 خێزان و لە سنووری قەزای ئامێدی (سەرسنگ، دێرەلوک و شێلادزێ) گۆشت بەسەر 150 خێزاندا دابەش کرا، جگە لە کەمپی خازر کە 111 خێزان لێی سوودمەند بوون.

هاوکاریی مرۆیی نێودەوڵەتی؛ دێرزووری سووریا

لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکاندا، پێشەوا پەهلەوی، ڕێکخەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سووریا ڕایگەیاند کە بارهەڵگرێکی گەورەی هاوکارییان بۆ 1,000 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاو لە پارێزگای دێرەزوور بەڕێکردووە. ئەم کاروانە لە لایەن کلینیکێکی گەڕۆک و تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕەوە هاوڕێیەتی دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر و دەرمانی بێبەرامبەر بە هاووڵاتیان، ئەمەش بە هەماهەنگی و مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ناوچەی جەزیرە ئەنجام دەردێت.

Back to top button