
وەزارەتی پەروەردە بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە دەکات و هۆشداری دەدات
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان و ساڵنامەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە پاراستنی تایبەتمەندی نمرەکانی قوتابیان دەرکرد و تێیدا هۆشداری توند دەداتە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.
بەپێی گشتاندنێکی فەرمی وەزارەتی پەروەردە کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین، و زاخۆ) کراوە، بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابیان بە شێوازی لیست قەدەغە دەکرێت.
قەدەغەکردنەکە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکانی سەر بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە، و بەپێی بڕیارەکە: “دانان و بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابیان و خوێندکاران بە شێوەی لیست لە لاپەڕە، ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە.”
لە کۆتایی گشتاندنەکەدا، هۆشداری دراوەتە سەرپێچیکاران و هاتووە: “هەر قوتابخانەیەک یان خوێندنگەیەک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت و نمرەی قوتابیان لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.”
