مەسرور بارزانی: سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیكەش بەڵێنی ئەوەیان داوە بابەتی مووچە تێكەڵ بە هیچ بابەتێكی تر نەكەن

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، باسی لە چەند پرسێكی هەنووكەیی كرد و ڕایگەیاند: “عێراق ئێستا خۆی لە قەیرانی ئابووریدایە، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە چارەسەر.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/6/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی مووچە لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق، گوتی: “هیوادارین، ئەمە ئەو بەڵێنەیە كە لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تریش وەرمانگرتووە، ئەوان دەڵێن بابەتی مووچە تێكەڵ بە هیچ بابەتێكی دیكە ناكەین، هەتا ئەگەر جیاوازییەكی تێڕوانینمان لەبارەی ئیدارەش هەبێت، بەڵام راستییەك هەیە كە عێراق ئێستا خۆی لە قەیرانی ئابووریدایە، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە چارەسەر.”

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستە ڕوو: “ئێمە جیاوازیمان لە بۆچوونەكانمان هەیە لەبارەی داهاتی ناوخۆ، هیوادارم لە قۆناغەكانی داهاتوو بە شێوەیەكی ڕێكتر ئەمانە چارەسەر بكرێن.”

دەقی لێدوانەکەی، سەرۆكی حكومەت:

سەردانمان بۆ بەغدا بێگومان بۆ ئەوە بووە كە پشتیوانیی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق بكەین و بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدەین كە پەیوەندییەكان نەك تەنیا ئاسایی بكەینەوە، بەڵكوو بەرەوپێشەوە ببەین. ئەوەی بیستمان هەم لە بەڕێزیان و هەم لە لایەنە سیاسییەكان هەموویان دڵخۆشكەر بوو كە ئەوان دەیانەوێ لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە و ئەو گرفتانەی كە هەن بەرەو چارەسەر بڕۆن، ئێمەش داكۆكیمان لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان كردووە. ئەوانە كاریان دەوێ، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكرێ، دوێنێ ئێمە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان نارد لەسەر بابەتی نەوت و لەسەر بابەتی مووچە كە قسەیەكی جددی لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی بكرێت. ئێمەش دوای ئەوەی كە قسەمان لەگەڵ بەڕێز زەیدی كرد، خۆیان پێیان باش بوو كە ئێمە یارمەتیی عێراق بدەین لە زیادكردنی بەرهەمی نەوتی. هەروەك خۆشتان دەزانن ئێستا لە گەرووی هورمز ڕێگەی هەناردەكردنی نەوت سنووردارە یان نەماوە، بۆیە عێراق خۆی یان دونیا بە شێوەیەكی گشتی كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەم شەڕەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە.

بۆ ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بتوانین دەستپێشخەری بكەین و رۆڵێكی كاریگەر و باشمان هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیی ئابووریی حكوومەتی عێراق بدەین، داوامان كرد شاندێكی كۆمپانیا نەوتیەكانیش لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەیەكەوە بچنە بەغدا. كە چوونە ئەوێ، لەوێ دانیشتنیان هەبووە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و شاندی عێراقی، قسەی جددییان كردووە، كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن كە بتوانن بەرهەمی نەوتیی خۆیان دەست پێ بكەنەوە و هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە زیاد بكرێ. ئێمەش لەگەڵ ئەو ڕێگەیەوە بووین و پشتیوانیی ئەم هەنگاوەمان كردووە. خەریكن لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دیسان باسی هەندێك لە وردەكارییەكان بكرێ و چاوەڕێی ئەوەین كە كۆمپانیاكان دەست بە كارەكانیان بكەن. ئەمە بێگومان بەشێك لە كێشەكە چارەسەر دەكات. نابێتە جێگرەوەی ئەو هەموو نەوتەی لە باشووری عێراقەوە هەناردە دەكرا. بەڵام ئەوەی لەسەر هەرێمی كوردستانە كە بتوانین یارمەتیی ئابووریی عێراق و یارمەتیی سەرۆك وەزیرانی عێراق و یارمەتیی ئەو پەیوەندییە تەندروستەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بدەین، ئێمە هەوڵمان داوە و ڕۆڵی خۆشمان دەگێڕین.

– بۆ بابەتی كارەبا، هیچ میكانیزمێك دیاری كراوە بۆ یارمەتیدانی عێراق؟

مەسرور بارزانی: بابەتی كارەبا بەشێكە لە وزە، ئێمە وەكوو هەرێم ئەزموونێكی سەركەوتوومان هەبووە لە دابینكردنی كارەبا، هەرچەندە جاربەجار هەندێك كێشەی تەكنیكی تێدەكەوێ، بەڵام مەسەلەی زیادكردنی بەرهەمی گازی بۆ ئەوەی كارەبا زیاد بكرێ، تا ئێمە بتوانین زیاتر بۆ عێراق بنێرین. بەڵێ ئێمە كارمان كردووە، ئێستا رێژەیەكی زیاتر، وابزانم تا دوو هەزار مێگاوات حكوومەتی هەرێم ئامادەیی هەیە كە ئەیدات بە حكوومەتی فیدرالی، لەسەر ئەو بنەمایە بتوانین یارمەتییەكی زیاتری حكوومەتی فیدرالی بدەین بۆ دابینكردنی كارەبا كە یارمەتیدەر دەبێت بێگومان.

– بابەتی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی:

مەسرور بارزانی: جەنابی سەرۆك وەك مەرجەعی باڵای كوردستان، داواكەی زۆر لە جێی خۆی بووە و وەكوو هەرێمی كوردستان و وەكوو حكوومەت و وەكوو پارتی ئێمە بەپیر فەرمانی جەنابیانەوە چووین و پێمان باشە ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا لە هەرێم هەیە بەرەو كۆتایی بڕوا و لایەنەكان عاقڵانەتر بیر بكەنەوە و هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەكە بكەنەوە و بەرژەوەندیی تەسكی خۆیان وەلا بنێن، قسەی نابەرپرسانە چیتر وابزانم دەردی ئەم خەڵكە چارەسەر ناكات. دەبێ هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆك بن كە بەرژەوەندیی ئەم خەڵكە لەبەرچاو بگیرێت و رای ئەو خەڵكەش لەبەرچاو بگیرێت. ئێمە هەڵبژاردنمان كردووە، دوای ١٨ مانگ تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە وەكوو خۆی جێبەجێ بكەین، بۆیە ئێمە پێمانوایە هەموو لایەك دەبێ پابەند بن بە بڕیاری خەڵك پێش هەموو شتێك و بەپیر فەرمانی جەنابی سەرۆكیشەوە بچن بۆ لێكتێگەیشتن و ئیتر كۆتاییهێنان بەو قەیرانانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە.

– بابەتی چەكدانانی هێزەكانی دەرەوەی یاسا لە عێراق:

مەسرور بارزانی: هەر وڵاتێك كە یاسا تێیدا سەروەر بێت، بێگومان سەقامگیرتر دەبێت، دەبێ هەموو لایەك پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت بن و بڕیاری یاسایی بن، بۆیە هەر هەنگاوێك لەم ڕوانگەیەوە بنرێت، پێموایە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و حكوومەتی عێراق دەبێت.

– لەبارەی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی، هیچ رۆژێك دیاری كراوە؟

مەسرور بارزانی: من تا ئێستا نەمبیستووە هیچ وادەیەك دیاریكرابێت بۆ كۆبوونەوەكان.

– ئایا لەبارەی سیستەمی ئەسیكۆدا گەیشتوونەتە ڕێككەوتن؟ بابەتی ڕێگریكردن لە بەرهەمی كوردستان كە بچێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، كەی چارەسەر دەكرێت؟

مەسرور بارزانی: پێشتر بڕیار بووە یانیش بە ڕێكەوت بووە، بەڵام هەوڵێكی جددی هەبووە بۆ ئەوەی ئابووریی كوردستان بەرەو لاوازی ببەن، هەندێك كەس لەو بڕوایەدا بوون، بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوەمان داوە كە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و وەكوو كیانێكی فیدرالیش هەرێمی كوردستان بپارێزین. ئەو پەیوەندییەی بەینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا لەسەر بنەمای خاڵە دەستوورییەكان و یاسا بەركارەكان بێت. لەبەر ئەوە هەموو هەوڵێكمان داوە كە بابەتی ئەسیكۆداش بە ئەنجام بگاتن، لەگەڵ حكوومەتی پێشتریش گەیشتبووینە هەندێك ئەنجامی سەرەتایی، ئەوە مابوو كە ڕێككەوتنەكە واژۆ بكرێت، بەڵام گوتیان ئێمە حكوومەتی كاربەڕێكەرین و تاكوو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و حكوومەتی داهاتوو دێتە كایەوە، دەبێ چاوەڕوان بین. بۆیە كە دوێنێ شاندەكەی ئێمە چووە، هەر لەسەر هەمان بابەت ئەم قسانەیان دووبارە كردووەتەوە كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێمە پێشتر وەكوو سەرەتا ئامادەمان كردبوو، ئەوە ببێت بە بنەمایەك بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ بابەتی ئەسیكۆدا و ئاساییكردنەوەی بازرگانی لە نێوان خاڵە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە. ئنجا هەوڵی جددی هەیە، ئەمەش دیسان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو قسەی جددی لەسەر ئەوە دەكرێت، هیوادارین ئینشائەڵا بگەین بە ئەنجامێك.

لێرە من حەز دەكەم شتێك بڵێم، زۆرجار خەڵك باسی ئەوە دەكەن و دەیانەوێ وێنەیەكی زۆر زۆر ناتەندروست پێشانی خەڵك بدەن كە بە حیساب فشارێكی زۆر هەیە و هەرێمی كوردستان بەرەو تەنگژە و ئەوانە دەڕۆن. من بەڕاستی دەمەوێ بە خەڵكی كوردستان بڵێم نیگەران نەبن، دۆخی ئابووریی ناوچەكە هەمووی لەبەر كاریگەریی ئەم شەڕە ئێستا ئەمەیە، بەڵام هەوڵی جددیش هەیە بۆ چارەسەركردن، ئێمە بەشێكین لە چارەسەركردنی ئەم دۆخە و ئومێدیشم زۆرە ئینشائەڵا لەگەڵ حكوومەتی ئێستای بەغدا بگەین بە ڕێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی تیجارەت لە خاڵە سنوورییەكانی ئێمە و هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، دەكرێ پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش بن، بەڵام هیچ شتێك جێگرەوەی هەرێمی كوردستان نییە.

– دەكرێ بڵێین پرسی مووچە بە تەواوی چارەسەر بووە و مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچە دێت؟

مەسرور بارزانی: هیوادارین، ئەمە ئەو بەڵێنەیە كە لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی تریش وەرمانگرتووە، ئەوان دەڵێن بابەتی مووچە تێكەڵاوی هیچ بابەتێكی دیكە ناكەین، هەتا ئەگەر گرفتی بۆچوونی ئیداریشمان هەبێت و لەسەر هەندێك پرس نەگەین بە ڕێككەوتن، بەڵام بابەتی مووچە تێكەڵاوی هیچ شتێكی تر نابێت. بەڵام راستییەك هەیە كە دەبێ ئەوە بزانین عێراق خۆی لە قەیرانی ئابووریدایە، بابەت ئەوە نییە تەنیا مەسەلە هەرێمی كوردستانە، بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە ئێستا هەرێمی كوردستان بووە بە بەشێك لە چارەسەر بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراقیش بدا لەم تەنگژە و قەیرانی ئابوورییە دەرباز ببێت.

بۆ بابەتی مووچە لەگەڵ وەزیری داراییش قسەی پێویست كراوە، هەرچەندە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی كە داهاتە ناوخۆییەكان بە چ شێوازێك بدرێتەوە بە حكوومەتی فیدرالی، تێگەیشتنێكی هاوبەش نییە لەسەر ئەوەی كە داهاتە ناوخۆییەكان چین، ئێمە بەپێی مافە دەستوورییەكانی خۆمان پابەند بووین لەوەی كە ٥٠٪ی داهاتە فیدرالییەكان بۆ حكوومەتی فیدرالی بگوازرێنەوە.

لە كابینەی پێشتر لەسەر ١٢٠ ملیار دینار وەكوو ئەرك لەسەر حكوومەتی هەرێم فەرز كرا، بەڵام ئەمە هیچ بنەمایەكی نەبوو، تەنیا بابەتێك بوو كە ڕێككەوتنێكی زارەكی كرا كە ئەم مەبلەغە بنێرن بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن مووچە بنێرن، هەرچەندە چەندین جاریش بیستمان دواكەوت. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو كێشە و گرفتانە من حەز دەكەم خاڵێك وەبیر هەموو لایەك بهێنمەوە، ئێمە لەم ماوەیە توانیومانە كەم و زۆر مووچەكان بە شێوەیەكی ڕێك بدەین، راستە هەندێكجار دواكەوتووە لەوانەیە یەك دوو ساڵ چەند مووچەیەك حكوومەتی فیدرالی نەیتوانیوە بۆمان بنێرێت. بەڵام بە بەراوردكردن ئێمە لە پێگەیەكی باشدا بووین كە توانیومانە ئیدارەی ئەو قەیرانە بكەین. هیوادارم لە قۆناغەكانی داهاتوو ئەمە بە شێوەیەكی ڕێكتر ئەنجام بدرێت، بە تایبەتی كە ئێستا حكوومەتی فیدرالی پابەندبوونی خۆی دووپات كردووەتەوە لەوەی كە مووچە تێكەڵی شتەكانی تر نەكرێت.

– لە سەردانەكەی بەڕێزتان بۆ بەغدا، چ شتێك ڕێككەوتنی لەسەر كراوە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە كە چووینە بەغدا لەسەر هەموو ئەو پرسانەی كە گرفتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا قسەمان كردووە. بەشێك لەوە مووچە بووە، بابەتی هەناردەكردنی نەوت، چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە وزە، پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، خاڵە سنوورییەكان و ماددەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێندراوەكان بوون، زۆر لەو شتانەی كە تاكو ئێستاش بۆ خەڵكی كوردستان جێی پرسیارن، ئێمە لەسەر هەموو ئەو خاڵانە جەختمان كردووەتەوە و داكۆكیمان كردووە كە دەبێ مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و جێبەجێ بكرێت. ئەوەی بینیمان ڕوانگەیەكی تازە هەیە لە بەغدا بەرەو ئەوەی كە تێگەیشتنێكی باشتر لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەبێت. ئێمەش بە هەموو توانای خۆمانەوە لەگەڵ ئەوە دەبین كە بەرەو چارەسەری ئەو كێشە و گرفتانە بڕۆین، هەندێكی لەوانەیە كاتی پێویست بێت، بەڵام بێگومان نیەتی باش دەكرێ دەرگای زۆرمان بۆ بكاتەوە.

لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەوە منەتی تێدا نییە، مافی خەڵكی كوردستانە، من لەگەڵ دەنگی خەڵكی كوردستانم كە دەبێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە، پەرلەمان موڵكی هیچ حزبێكی سیاسی نییە، هی دەنگی ئەو دەنگدەرانەیە و نوێنەرەكان دەبێ ڕاستگۆ بن لەگەڵ دەنگدەرەكانی خۆیان، بێنەوە و پەرلەمان كارا بكەنەوە، ئەوە دەبێتە هەنگاوێكی باش بۆ قۆناغەكانی داهاتوو ئینشائەڵا.

Back to top button