
ئەمساڵ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەواو دەبێت
گوتەبێژی فەرماندەیی دەڤەری (یەك)ـی پێشمەرگە دەڵێت، تا مانگی نۆی ئەمساڵ پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەواو دەبێت.
لیوا هەڵگورد حیکمەت، وتەبێژی فەرماندەیی دەڤەری (یەك)ـی پێشمەرگە گوتی: ئەو پلانەی داڕێژراوە قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و نزیكین لەوەی بگەینە قۆناغی كۆتایی و تەواوی پلانی یەكخستنەوەكە بە ئەنجام بگات.
دەشڵێت: بە هاوكاری و پاڵپشتی و بەشداریی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان، فەرماندەی دەڤەری یەك نزیكبووینەتەوە لە قۆناغی كۆتایی یەکخستنەوە و ئەو پێكهاتەیەی هاوپەیمانان نەخشەیان بۆ دانابوو، ئێستا جێبەجێ دەكرێت. هیچ هێزێك لە دەرەوەی چەتری فەرماندەیی دەڤەری یەك نەماوە.
لیوا هەڵگورد زیاتر گوتی: دوا وادەی یەکگرتنەوە چەند مانگێكی ماوە، بەڵام سوودمان لە كات بینیوە و قۆناغەكانمان خێرا كردووە. پێش كۆتاییهاتنی ڕێككەوتنەكە واتە مانگی 9 یەكخستنەوە تەواو دەبێت. ئەگەر هیچ جۆرە پلانێكی دیكە نەیەتە پێش.