
گوتەبێژی حکومەت: داوای بودجە لە بەغدا دەکەین نەک مووچە
پێشهوا ههورامانی، گوتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت : “ئێمه تهنیا داوای مووچه ناكهین، بهڵكوو داوای بودجه دهكهین، ئهوهش به گوێرهی رێژهی دانیشتوانی ههرێمی كوردستان.”
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی تاوتوێ کراون. تەوەرەکان پێکهاتبوون لە پرسی نەوت، رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان بە مۆدێرنکردنیان لە رێگەی سیستەمی ئەسیکۆداوە، هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا.
گوتەبێژی حکومەت، سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە دەرەنجامی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا و لەسەر پێشنیازی هەرێمی کوردستان بووە، حکوومەتی فیدراڵیش پێشوازیی لێ کردووە.
گوتیشی، ئەم لیژنەیە هەمیشەیی دەبێت و ئامانجی تەنیا قسەکردن نییە لەسەر گرفتەکان، بەڵکوو کار بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا دەکات. ئەندامانی لیژنەکە بەشێکیان جێگیر دەبن و بەپێی ئەو بوارانەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، دەکرێت گۆڕانکاری لە ئەندامەکاندا بکرێت.
هەروەها پێشەوا هەورامانی تیشکی خستە سەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئاشکرای کرد، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیان کردووە.
جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم بە مەبەستی چارەسەرکردنەوە هەنگاوی ناوە و بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەکە بۆ حکوومەتی فیدراڵی.
لەسەر مەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، گوتەبێژی حکومەت ئەوەشی خستە روو، کۆمپانیاکان راستەوخۆ داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە گەرەنتیی پاراستنیان پێ بدات.
هەر لە درێژيی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد لە ڕابردوودا نزیکەی 33 جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتی و غازییەکان لە سنووری هەرێمی کوردستان، بۆیە کۆمپانیاکان دەیانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی لە ناوخۆی عێراقەوە هێرشیان ناکرێتە سەر، ئەمە جگە لە داواکارییەکانیان بۆ پێداچوونەوە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی ئەو دۆخەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئەوەشی خستە روو، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، دۆخێکی سەخت رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر بووەتەوە. ئەم تەنگژەیە جگە لە لێکەوتە ئاسایشییەکانی، گرفتێکی دارایی قورسیشی دروست کردووە، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و ناردنەدەرەوەی نەوت پشتیوانیی تەواوی هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵی دەکەن.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێکخستنی داهاتەکان ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا نییە. روونیشی کردەوە، لە سەرەتادا پێویستیان بە کات بوو بۆ گونجاندنی سیستەمی ناوخۆیی لەگەڵ ژێرخانی سیستەمەکەی بەغدا، بەڵام ئێستا بە تەواوی ئامادەن و تەنیا چاوەڕێی تیمی حکومەتی فیدراڵین کاتێک دیاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی هاوبەش.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پرسە ناوخۆییەکان و پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری، پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە پێدانی کارەبای بەردەوامە بە هاووڵاتییان بە تێچوویەکی کەمتر. ئاماژەی بەوەش کرد لە سەرەتای پرۆژەکەدا هەندێک کێشەی تەکنیکی هەبوون و بوونە هۆی بڕانی کارەبا لە هەندێک کاتدا، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ئەو گرفتانە چارەسەر دەکرێن.
سەبارەت بە کەمبوونەوەی بەنزینیش جەختی لەوە کردەوە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵن و گرفتەکە کاتییە و بە زوویی کۆتایی دێت.