
باندێكی مەترسیدار، دوای ئەنجامدانی 85 تاوان، پۆلیسی هەولێر دەستگیری كردن
پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی مەترسیداری لە سنووری ناحیەی كەسنەزان ڕاگەیاند و دەشڵێ: “85 تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی 6ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “پۆلیسی هەولێر باندێکی مەترسیداری بە تۆمەتی ئەنجامدانی 85 تاوان، دەستگیر کرد.
پۆلیسی هەولێر ڕوونی كردەوە، كە هێزەکانیان لە بەشی نەهێشتنی تاوان (نووسینگەی کەسنەزان)، باندێكی مەترسیداری دەستگیر كرد، كە ژمارەیەکی زۆری کاری نایاساییان كردووە.
ئاشكراشی كرد، كە ئەم باندە زیاتر لە 85 تاوانی جۆراوجۆریان لە سنووری ناحیەی كەسنەزان ئەنجامداوە و دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوونی چڕ، هێزەکانی نەهێشتنی تاوان توانیان شوێنیان دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن.
دەشڵێ: “لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزاکانی عێراقی ڕاگیراون، تا ڕادەستی دادگا بکرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.”