
شادەمارى گەشەپێدان و ژێرخان لە هەرێمی کوردستان بنیات دەنرێت
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە: ” حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەنێوان ساڵانی (2019 – 2026)، سەدان پرۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاریی، بە تێچووی چەندین تریلیۆن دینار، لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێ کردووە.
باسی لەوەشکردووە:” لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، 810 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان، بە گوژمەی 1 تریلیۆن و 57 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، جێبەجێ کراون. بە هۆى تەواوبوونی ئەم پرۆژانە، 3,055 کیلۆمەتر ڕێگاوبانی نوێ لە هەرێم، دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە.
هاوکات ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئێستا 227 پرۆژەی ستراتیجی لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بە تەواوبوونیان 2,239 کیلۆمەتر ڕێگاى نوێ، دروست دەکرێن و نۆژەن دەکرێنەوە، تێچووى ئەم پڕۆژانە، 4 تریلیۆن و 179 ملیار دینارە.
گرنگترین ئەم پرۆژانە بریتین لە:
• دووسایدی کۆڕێ–شەقڵاوە–قەندیل: بە گوژمەی 97 ملیار و 375 ملیۆن دینار (50%ی کارەکانی تەواو بووە).
• دووسایدی کۆیە – هەولێر: بە گوژمەی 683 ملیار دینار (40%ی کارەکانی تەواوبووە).
• ڕێگای کەلار–دەربەندیخان: بە گوژمەی 591 ملیار و 860 ملیۆن دینار (30%ی کارەکانی تەواو بووە).
• دووسایدی دووکان–چوارقوڕنە: بە گوژمەی 260 ملیار و 699 ملیۆن دینار (16%ی کارەکانی جێبەجێ کراوە).
هاوکات، لەپێناو سەلامەتیی هاتووچۆ و خزمەتگوزارییەکان، بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، لەم ماوەیەدا کارێکی زۆر لەسەر هێما و سەلامەتیی ڕێگاکان کراوە، لەوانە:
• هێڵکاریی 2,723 کیلۆمەتر ڕێگا.
• دانانی 19,342 هێمای هاتوچۆ و 62 کیلۆمەتر پەرژینی پارێزەر.
• دروستکردنی 59 پردی پیادە.
دەشڵێت:” دروستکردن و نۆژەنکردنەوەى ڕێگاکان لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە، بودجەى بۆ تەرخان کراوە، کە بریتین لە بودجەی وەبەرهێنان (بۆ پرۆژە گەورەکان)، بودجەی ئاسایی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و تەرخانکردنی 30%ی داهاتی وێستگەکانی کێش بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان.
لە کۆتایشدا فەرمانگەى میدیا و زانیاری باسی لەوەشکردووە:” ئەم دەستکەوتانە نیشاندەری ئەوەن، سەرەڕای تەنگژە داراییەکان، حکومەتی هەرێم، کەرتی ڕێگاوبانی وەک “شادەماری گەشەپێدان” کردووەتە لەپێشینەی کارەکانی، بۆ بەستنەوەی بازاڕەکانی هەرێم و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران.