
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 6/16 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ، کە جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگی بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
باڵیۆز تۆم بەڕاک ، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوددستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداری زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.