
دووسایدێکی دیکەی مۆدێرن لە سۆران دروست دەرێت
بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای لاوەکیی خەلیفان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: مژدە دەدەینە خەڵکی خەلیفان و شوفێران دوای چەندین کۆبوونەوەی چڕ، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار گەیشتینە ڕێککەوتن و، لە دوو هەفتەی داهاتوودا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێدەکات و نەخشەکەش لە قۆناغی کۆتاییدایە.
ئەم ڕێگایە کە درێژییەکەی کەمتر لە سێ کیلۆمەترە و دەکەوێتە بناری چیای کۆرەک، پاناییەکەی دەکرێتە 24 مەتر و لەگەڵ دووسایدی سپیلک تێکەڵ دەکرێتەوە و تاوەکو بازگەی ناو گەلی عەلی بەگ درێژ دەبێتەوە.
هاوکات یەک ئۆڤەرپاس لەسەر ڕێگای چوون بۆ کۆرەک و ئەندەرپاسێکیش لە دەروازەی خەلیفان بۆ گەلی عەلی بەگ دروست دەکرێت. لە نەخشە نوێیەکەی ڕێگای کەمەربەندیی خەلیفاندا، 48 خانوو بەردەکەون و قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەم ڕێگایە هاوشێوەی دووسایدی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە بەرزترین کوالێتیی چاک دەکرێت، کە ئەمەش کۆتایی بە ئاستەنگیی گەشتیاران و بارهەڵگرە بازرگانییەکان دەهێنێت.