ئانۆ جەوهەر، لەبارەی مەسیحییەکان داوایەک ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات

ئانۆ عەبدۆکا نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی دەکات و دەڵێ: مەسیحییەکان لە دەستی میلیشــ.ــیاکان و نووسینگە ئابوورییە گەندەڵەکان ڕزگار بکە، چونکە مەسیحییەکان چاوەڕوانی سەردەمێکی نوێ دەکەن کە لەسەر بنەمای هاوبەشی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بونیاد نرابێت.

ئانۆ جەوھەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشداریی کرد لە کارەکانی خولی سی و سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی کۆمەڵەی نيابى نێودەوڵەتی بۆ ئۆرسۆدۆکس، کە لە هێلسینکیی پایتەختی فینلاند لەژێر دروشمی: «کۆمەڵگە و کەمینە مەسیحییەکان لە کاتی قەیرانەکاندا: پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە، دەوڵەت و کەنیسە.. تەحەددییات و سەختییەکان» بەڕێوەچوو.

لە میانی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا لەبەردەم نوێنەرانی بیست و شەش دەوڵەت و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانەکانی ئەورووپا، ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و کەسایەتییە دیارەکانی کەنیسە ، عەبدۆکا باسی لەو تەحەددییانە کرد کە ڕووبەڕووی بوونی مەسیحی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئەم بوونە مێژووییە پێویستی بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و چاکسازیی جدی هەیە بۆ بەهێزکردنی چەمکی هاوڵاتیبوون و نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و سەروەریی یاسا.

لەو چوارچێوەیەدا، عەبدۆکا نامەیەکی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کرد و تێیدا گوزارشتی لە چاوەڕوانیی مەسیحییەکان کرد بۆ قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری و هاوبەشیی نیشتمانی، و جەختی لەسەر پێویستیی گوێگرتن لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی مەسیحییەکان کردەوە کە گوزارشت لە ئیرادەی ئازادی مەسیحی دەکەن، و گوتی: ” دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی سیاسی ڕاستەقینە و کاریگەر. ئەمڕۆ بەڕێز عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانێکی گەنج و نوێ لە عێراق هەڵبژێردراوە، کە ئێمە هیوای خێری پێدەخوازین و داوای لێدەکەین کۆتایی بە دەستێوەردانی میلیشیاکان، چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان و نووسینگە ئابوورییە گەندەڵەکان بهێنێت کە خەریکە بوونی مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا و مووسڵ دەخنکێنن. هەروەها گرنگیی سنووردارکردنی دەنگدان تەنها بە مەسیحییەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆتای مەسیحی لە پەرلەمان، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی مەسیحی ڕاستەقینە بێت و بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی و سەپاندنی ئەجێندای هەرێمی بێت کە خێری بۆ ئێمە ناوێت. لەگەڵ گرنگی گوێگرتن لە داواکارییەکانی نوێنەرانی ڕاستەقینەی مەسیحییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نوێنەرایەتی زۆرینە دەکەن لە هاوپەیمانیی (ئیرادەی مەسیحی)ی پەرلەمانی، بەتایبەتی لە پرسی نوێنەرایەتیکردنی مەسیحییەکان لەسەر ئاستی وەزاری و کارگێڕی”.

عەبدۆکا دووپاتی کردەوە کە پاشەڕۆژی مەسیحییەکان لە عێراقدا ناتوانرێت بونیاد بنرێت مەگەر لەسەر بنەمای دەوڵەتی دامەزراوەیی، سەروەریی یاسا، کۆتایهێنان بە دیاردەی چەکداری لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی سیاسی ڕاستەقینە کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕۆڵەکانی پێکهاتەی مەسیحی بێت، بەدوور لە دەستێوەردانی دەرەکی و ئەو ئەجێندایانەی کە زیانی گەورەیان بە کۆمەڵگە مێژووییە مەسیحییەکان گەیاندووە لە وڵاتەکەدا.

ئاماژەی بەوەش کرد کە مەسیحییەکان، وەک نەوەی ڕەسەنی خاکی ڕافیدەین، چاوەڕوانی عێراقێک دەکەن کە دادپەروەری، هاوڵاتیبوون و هاوبەشیی ڕاستەقینە تێیدا باڵادەست بێت، و هیوادارن قۆناغە نوێیەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتێک کە پارێزگاری لە سەرجەم پێکهاتەکانی بکات و مافە دەستوورییەکانیان بە شێوازێکی دادپەروەرانە و یەکسان دەستەبەر بکات.

Back to top button