
ڕێبەر ئەحمەد: حکومەتی هەرێمی و حکومەتی فیدراڵ بەیەکەوە کێڵگەنەوتییەکان دەپارێزن
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، لەسەر دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ کێڵگەکانی نەوتی هەرێم، بە ئامانجی هاندانی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتن.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، گوتی:” حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە گەرەنتی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بکرێت، کە ئەمەش داواکاریی سەرەکیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بوو لە حکومەتی فیدراڵ.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی رابردوو بۆ سەر کێڵگەکان، کەرتی نەوت زیانی بەرکەوتبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریی عێراق و ناوچەکەوە، پێویستییەکی زۆری هەردوولا بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت هەیە. کۆمپانیاکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان دوو داواکاری سەرەکییان هەبووە: یەکەم، پاراستنی مافەکانیان لە رووی دارایی. دووەم، دابینکردنی گەرەتنی ئەمنی لە دژی هەر جۆرە هێرشێک.
هاوکات گوتیشی: “لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، رێککەوتن کرا کە کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە بۆ وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنی لە عەلی زەیدی. لەسەر ئەم بنەمایە، عەلی زەیدی شاندێکی ئەمنی، هەواڵگری و سەربازیی عێراقی پێکهێنا و سەردانی هەرێمیان کرد. دواتر شاندێکی مەیدانی رەوانە کرا بۆ سەردانیکردنی کێڵگەکانی نەوتی هەرێم بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، ئێمە چاوەڕوانی پلانی ئەوانین بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی کێڵگەکاندا؛ چونکە حکومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆی بۆ ئەم بابەتە نیشانداوە.”