
سەرۆکی حکومەت بەردی بناخەی “مزگەوتی گەورەی بارزانی” دادەنێ
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی “مزگەوتی گەورەی بارزانی” دادەنێت.
لە ساڵی 2023 سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بیرۆکەی پڕۆژەکەی پێشکەش کردووە. ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆکی حکومەت و لە رێگەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و راسپاردنی ئەندازیار رەشید فەتاح، سەرۆکی تیمی “گراف” وەک تیمێکی خۆماڵی، دیزاین کراوە.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سروشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندی بارزانی نەمرە، کە قۆناخ بە قۆناخ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت. هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، و شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا.
بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە 1 ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.
لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆکەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی و نەقش و نیگاری کوردەواری دامزراوە؛ باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی “رەشماڵی کوردی” و باڵەخانەکانی تر لەسەر شێوازی “خێوەتی کوردی” دیزاین کراون.
بەشەکانی مزگەوت:
– هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی 9,000 کەس دەبێت و لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە.
– حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە 700,000 کەس دەبێت.
– هۆڵی بۆنە ئایینییەکان.
– گەورەترین کاتژمێری رۆژی.
– گەورەترین مافووری دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان.
– بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان.
– 4 منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر.
– گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان.
– کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان.
– هۆڵی کۆنفرانس.
– مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی.
– قوتابخانەی ئایینی.
– هۆڵی نانخواردنی گشتی.
– هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان.
– گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد.
– گەورەترین پارک.
– بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی.
– شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.