وەڵامێکی تووند لە پارتییەوە بۆ یەکێتی: دانبەخۆداگرتنمان سنووری خۆی هەیە و ڕەفتارەکانتان بگۆڕن

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا بەتووندی وەڵامی قسە و لێدوانەکانی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە کە لە دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حزبەکەی لە 21ی حوزەیرانی 2026 مێژووی شێواندبوو. گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند کە لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، پێویستە ڕاستییەکان بۆ مێژوو و بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئاشکرا بکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 22/6/2026، مەحمود محەمەد، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی قسە و چەواشەکارییەکانى گوتەبێژى یەکێتى دەداتەوە و رایگەیاندووە: “دواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، لە کاتێکدا کە پارتیمان سەردان و دانوستانەکانى چڕکردبۆوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ، یەکێتى دەستیکرد بە کات کوشتن بۆ هەڵنەبژاردنى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەم. چونکە لە ناخى خۆیاندا باوەڕیان بە پڕۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردن نیە بۆیە کەوتنە بیانو هێنانەوە و، بە ئاشکراش هەستدەکرا کە پشتگیرى دەکرێن بۆ ئەم ڕەفتار و مەرامەیان، سەرۆکى یەکێتى نەیشاردەوە و بە بەرچاوى خەڵکەوە ڕایگەیاند کە لەگەڵ پێکهێنانى دامەزراوە شەرعیەکان نییە.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “وتەبێژەکەى یەکێتى دەبوایە ئاماژەى بە ژمارەى دەنگ و کورسیەکانى خۆیان و پارتی بکردبایە لە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەوکات دەردەکەوت ئێمەى پارتى نوێنەرایەتى چەندى خەڵکى کوردستان دەکەین و ئەوانیش نوێنەرایەتى چەند دەکەن، شایستەى هەڵبژاردن لەسەر ئەو شەرعیەتەى خەڵک پێوانە دەکرێت نەک لەسەر دروشم و ناڕاستى، خەڵکى کوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتى چونکە لێى دڵنیابوون دەستکەوتەکانیان دەپارێزێت.”

گوتەبێژی پارتی دەشڵێت: “یەکێتى لەسەر زارى وتەبێژەکەى باسى باڵ باڵێن دەکات! باشە یەکێتى لەبەکارهێنانى هەندێک چەمکى نابەجێ بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە وەڵامنەدانەوەى پارتى سنوورى خۆى هەیە، سروشتى پارتی وایە کە یەک ڕێبەر و یەک بڕیار و یەکگرتووە، هەر واش دەمێنێتەوە بەرامبەر ئاڵنگاییەکان و پیلانەکانى ئەوان و ئەوانەشى لە پشت ئەوان بوون، هەر بۆیەش پارتى سەرکەوتوو بووە و یەکێتیش بەو دۆخەى ئێستاى گەیشتووە، مێژووش شاهیدە لەسەر ئەم بابەتە.”

روونیشی کردووەتەوە: “هیوادارین ئەو ڕەفتارانەیان بگۆڕن و چیتر بەشێکى گرنگ و ئازیزى هەرێمەکەمان نەکەنە بارمتەى جێبەجێکردنى مەرامەکانیان، چیتر نەبنە هۆى نیگەرانى و، یەک پارچەیى هەرێم و قەوارەکە و ماف و دەستکەوت و سەقامگیريی خەڵکى کوردستان لە بەرچاوبگرن و، چیتر نەیار و دوژمنانى گەلەکەمان دڵخۆش نەکەن.”

دەقی راگەیاندراوەکەی گوتەبێژی پارتی:

هاووڵاتیانى خۆشەویست

لە سۆنگەى هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و نیشتمانى، هاوکات بۆ ڕێگرى لە چەواشەکارى و ئاشکراکردنى ڕاستییەکان بۆ مێژوو، بە باشمانزانى وەڵامى بەشێک لە قسە و چەواشەکارییەکانى وتەبێژى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بدەینەوە، کە دوابەدواى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى حزبەکەى لە ڕێکەوتى 21ى حوزەیرانى 2026 بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن قسەیکرد، مەبەستمانە ڕاستییەکان بە خەڵکى خۆڕاگر و تێکۆشەرى کوردستان ڕابگەیەنین.

دواى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، لە کاتێکدا کە پارتیمان سەردان و دانوستانەکانى چڕکردبۆوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ، یەکێتى دەستیکرد بە کات کوشتن بۆ هەڵنەبژاردنى سەرۆکایەتى پەرلەمان و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەم. چونکە لە ناخى خۆیاندا باوەڕیان بە پڕۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردن نیە بۆیە کەوتنە بیانو هێنانەوە و، بە ئاشکراش هەستدەکرا کە پشتگیرى دەکرێن بۆ ئەم ڕەفتار و مەرامەیان، سەرۆکى یەکێتى نەیشاردەوە و بە بەرچاوى خەڵکەوە ڕایگەیاند کە لەگەڵ پێکهێنانى دامەزراوە شەرعیەکان نییە.

وتەبێژەکەى یەکێتى دەبوایە ئاماژەى بە ژمارەى دەنگ و کورسیەکانى خۆیان و پارتی بکردبایە لە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەوکات دەردەکەوت ئێمەى پارتى نوێنەرایەتى چەندى خەڵکى کوردستان دەکەین و ئەوانیش نوێنەرایەتى چەند دەکەن، شایستەى هەڵبژاردن لەسەر ئەو شەرعیەتەى خەڵک پێوانە دەکرێت نەک لەسەر دروشم و ناڕاستى، خەڵکى کوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتى چونکە لێى دڵنیابوون دەستکەوتەکانیان دەپارێزێت.

یەکێتى بە هەموو تێبینیەکانیشەوە خاوەنى (23) کورسى پەرلەمانییە، لاى خەڵکى کوردستان ڕوونە رووداوە کارەساتبارەکەى لالەزار و زیندانیکردنى کەسى یەکەمى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەپێناو چى بوون، ئەم ڕووداوانە و کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەى لەو شێوەیەیە کە وتەبێژەکەى یەکێتى شانازیان پێوەدەکات و وادەزانێ خەڵکى کوردستان ئەم ڕووداوە شەرمئامێزانەى لەبیرکردووە! کوردستانییان زۆر لەوە زیرەکتر و داناترن بە ڕیزکردنى چەند وشە و ڕستەیەکى ئاخنراو بە چەواشەکارى باوەڕ بکەن.

پارتى بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێباز و خەباتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەى خۆى و لە ڕوانگەى خەمخۆرى بۆ بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیانى کوردستان و پاراستنى ماف و دەستکەوتەکان، کە بەخوێن و خەباتى چەندین ساڵە بەدەست هاتوون چاوپۆشى لە زۆر هەڵوێستى ڕابردوو و ئێستاى یەکێتى کردووە، بەڵام پێویستە ئەوەشیان بۆ ڕاست بکەینەوە کاتێک دەڵێن یەکێتى سازش لەسەر مافەکانى خەڵکى کوردستان ناکات، ڕاستییەکەى ئەوەیە کە تەنیا یەکێتییە مافى خەڵک و دەنگدەرانى کوردستانى پیشێل کردووە و بۆتە کۆسپ لەبەردەم پڕۆسەى دیموکراسى و کاراکردنەوەى پەرلەمان. یەکێتى تەنیا نوێنەرایەتى دەنگدەرانى خۆى دەکات، ئەو لایەنەى کە نوێنەرایەتى ڕاستەقینە و زۆرینەى خەڵکى کوردستان دەکات ئەوە پارتى دیموکراتى کوردستانە، ئەمەش متمانە و بڕیارى خەڵکە، بۆیە پارتى هەرگیز سازش لەسەر ماف و ویستى کوردستانییان ناکات و مافەکانیان دەپارێزێت.

یەکێتى لەسەر زارى وتەبێژەکەى باسى باڵ باڵێن دەکات! باشە یەکێتى لەبەکارهێنانى هەندێک چەمکى نابەجێ بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە وەڵامنەدانەوەى پارتى سنوورى خۆى هەیە، سروشتى پارتی وایە کە یەک ڕێبەر و یەک بڕیار و یەکگرتووە، هەر واش دەمێنێتەوە بەرامبەر ئاڵنگاییەکان و پیلانەکانى ئەوان و ئەوانەشى لە پشت ئەوان بوون، هەر بۆیەش پارتى سەرکەوتوو بووە و یەکێتیش بەو دۆخەى ئێستاى گەیشتووە، مێژووش شاهیدە لەسەر ئەم بابەتە.

قسەى ڕاستى وتەبێژەکەى یەکێتى ئەوەبوو کە دەڵێ” سیاسەتى خۆسەپێنى زیان بە هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت” دەى ئەوە یەکێتییە دەیەوێت بە زۆردارى و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕاى خەڵکى کوردستان خۆى بەسەر ئاکام و ئەنجامەکانى هەڵبژاردندا بسەپێنێ و هیچ حیسابێک بۆ دەنگ و ژمارەى کورسى لایەنەکان نەکرێت.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، هەموو کوردستان و کوردستانیان لەلامان ئازیزن و پێمانخۆشە خزمەتیان بکەین، ئەوە یەکێتییە جیاکاریى دروستکردووە و ناهێڵێت یاسا و ڕێنماییە ئیدارى و مالیەکان و پڕۆژەکانى حکومەتى هەرێم لە هەموو سنوورى کوردستان جێبەجێ بکرێن.

هیوادارین ئەو ڕەفتارانەیان بگۆڕن و چیتر بەشێکى گرنگ و ئازیزى هەرێمەکەمان نەکەنە بارمتەى جێبەجێکردنى مەرامەکانیان، چیتر نەبنە هۆى نیگەرانى و، یەک پارچەیى هەرێم و قەوارەکە و ماف و دەستکەوت و سەقامگیريی خەڵکى کوردستان لە بەرچاوبگرن و، چیتر نەیار و دوژمنانى گەلەکەمان دڵخۆش نەکەن.

مەحمود محەمەد

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

22ـی حوزەیرانى 2026

Back to top button