چەندین بەرپرسی باڵا دەستگیر کران

میدیاکانی عێراق، زنجیرەیەک دەستگیرکردنی نوێیان لە چوارچێوەی دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ڕاگەیاند، کە چەندین بەرپرسی باڵای حکومی و کارمەندی جێبەجێکاری گرتووەتەوە.

دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراقی:

دەستەی دەستپاکی عێراق بە فەرمی دەستگیرکردنی (مەنواف عەبدولمونعیم) بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی ڕاگەیاند. ناوبراو تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە دۆسیەیەکی گەندەڵی گەورە کە قەبارەکەی بە زیاتر لە 115 ملیار دیناری عێراقی دەخەمڵێندرێت.

گرتنی پارێزگاری پێشووی سەلاحەددین لەسەر دۆسیەی وەزارەتی نەوت:

دوای دەستبەسەرکردن و دانپێدانانەکانی (عەدنان جومەیلی) بریکاری وەزیری نەوت، لێکۆڵینەوەکان پەرەیان سەند و لەو چوارچێوەیەشدا (ڕائید ئەلجبووری) پارێزگاری پێشووی سەلاحەددین و سەرۆکی ئێستای فەرمانگەی تەندروستی هەمان پارێزگا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

دەستبەسەرکردنی ئەفسەر و کارمەندانی گومرک لە کەرکووک

لە بازگەی “چیمەن”ی نێوان کەرکووک و قەرەهەنجیر، ئەفسەرێک و سێ کارمەندی فەرمانگەی گومرک دەستگیرکران. دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارانە دوای ئەوە دێت کە سەلمێندراوە بە شێوازی نایاسایی بەرتیل و سەرانەیان لە شۆفێرانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە بازرگانییەکان وەرگرتووە.

Back to top button