مۆڵەتی 2 ملیۆن دۆلاری؛ پەرلەمانتارێکی پارتی کەیسێکی گەورەی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتارێکی پارتی کەیسێکی گەورەی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا دەکات و، دەڵێ:” پێویستە لێکۆلینەوە لە کەیسەکەدا بکرێت.

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، لە کەیسێکی گەندەڵیدا وەزارەتی نەوت و عەدنان جومەیلی لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە 100 مۆڵەتی کارگەی قیرییان دەرکردووە بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان، کە نرخی هەر مۆڵەتێک لە بازاڕدا زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلارە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو کەیسەدا دەیان هەزار تەن نەوتی ڕەشی ڕۆژانە بۆ ئەم کارگانە تەرخانکراوە.

سیپان شێروانی جەختی کردووەتەوە: “پێویستە لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا بکرێت و ئەو کەسانەی بەو بابەتەوە گلاون چ لە وەزارەتی نەوت، چ وەزارەتی پیشەسازی، چ سیاسییەکان یانیش وەبەرهێنەرەکان ڕووبەڕووی دادگا بکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و مۆڵەتە نایاساییەکانیش هەڵبوەشێندرێنەوە.”

Back to top button