
نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان پلانی چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان توندتر دەکات
لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، وێڕای هەڵمەتە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانان و بەکارهێنەران، پلانێکی فراوانیان بۆ هۆشیارکردنەوە و چاودێریکردنی بازاڕ گرتووەتە بەر، لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ماددەی هۆشبەرە.
بەپێی ئامارێک، بەڕێوەبەرایەتییەکە چەندین سمیناری لە ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان کردووە، لە رووی مەیدانیشەوە، زیاتر لە 460 پۆستەری هۆشیاری کە زیانە جەستەییەکانی ماددەی هۆشبەر رووندەکەنەوە لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون، هاوکات 16,000 نامیلکەی هۆشیاری بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون. هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، مینبەری مزگەوتەکان لە رۆژانی هەینیدا بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەم ژەهرە بەکارهێنراون.
سەبارەت بە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لیژنەی هاوبەش بۆ بەسەرکردنەوەی بەردەوامی کافترییا، رێستۆرانت و دەرمانخانەکان پێکهێنراوە.
لەم چوارچێوەیەدا رێنمایی دراوە بە زیاتر لە 1,600 نۆرینگە، دەرمانخانە و کۆمپانیای دەرمان و بەڵێننامەی پابەندییان لێ وەرگیراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دەرمانی پزیشکیی کۆنتڕۆڵکراو.
هەروەها زیاتر لە 110 کۆمپانیای هێنان و گواستنەوەی کەلوپەل بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چەندین چالاکی هاوبەشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە، کە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕی بازرگانیی مەترسیدار و دەستگیرکردنی ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە دەرەوەی وڵات.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، توێژی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 40 ساڵ زۆرترین ئامانجی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن، ئامارەکان دەریدەخەن کە 80%ـی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2025دا دەستگیرکراون، لەم گرووپە تەمەنییەدان، هەروەها ئافرەتانیش لەم مەترسییە بەدەر نین، بەوپێیەی لە کۆی دەستگیرکراوانی ساڵی رابردوو، 4%ـیان لە رەگەزی مێ بوون.