
زیاتر لە 80 کۆمپانیای کوردی و ئیسپانی بەدوای پڕۆژەی هاوبەشدا دەگەڕێن
بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، کۆڕبەندی ئابووری و وەبەرهێنانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا لە شاری مورسیا دەستیپێکرد. لەم چالاکییەدا نوێنەری 80 کۆمپانیای جیاوازی هەردوولا گفتوگۆ لەسەر بنیاتنانی چەندین پڕۆژەی هاوبەشی گرنگ دەکەن.
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سیمینارێکی لەسەر ژینگەی کارکردن لە هەرێم پێشکەش کرد. ئامانجی سەرەکی خستنەڕووی ئاسانکارییەکان بوو بۆ کەرتی گەشتوگوزار، پیشەسازی و بیناسازی، تاوەکو کۆمپانیا بیانییەکان بە گەرەنتی یاسایی وەبەرهێنان بکەن.
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی بۆ ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن ئەنجامدران. بڕیارە سبەی شاندی هەرێم بەرەو شاری ڤایادۆلید بەڕێبکەون، تاوەکو لەوێش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئابووریی نوێ لەگەڵ خاوەنکار و بازرگانانی ئیسپانیا ئەنجام بدەن.