شاخەوان عەبدوڵڵا بە بەڵگەوە وەڵامی تۆمەتەکانی گەندەڵی لە کەرکووک دەداتەوە

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند ئەو نووسراوانەی دژ بەو بڵاوکراونەتەوە، بەڵگەی بێتاوانین و دەیسەلمێنن کە ئەو بە فەرمی ڕێگری لە زەوتکردنی 400 دۆنم زەویی مادەی 140 لە ڕجێبات کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد لایەنێکی سیاسی بۆ ناوزڕاندن و بەبێ بنەما ئەو تۆمەتانەیان بۆ هەڵبەستووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد؛” هەندێک بەرپرسی وەبەرهێنان بە نایاسایی هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەیان لەسەر ئەو زەوییە داوە و سەرەتا دانیان بە کێشەکەدا ناوە و دواتر بۆچوونیان گۆڕیوە. هەروەها جەختی کردەوە ئەو کۆمپانیایانەی ناویان هێنراوە، خاوەنەکانیان کادری لایەنە تۆمەتبارکەرەکەن و لە سلێمانی نیشتەجێن، کە دیارە پارەیان لێ وەرگرتوون ئینجا پڕۆژەیان پێ داون.

لە کۆتاییدا، ناوبراو ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی لە دادگا نیشان دا و جەختی لە بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکانی کەرکووک لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئەمڕۆ کردەوە. ئەو وتیشی منەتتان بەبنی پێڵاوی منداڵێکی کەرکووک بێت ئەگەر یەک پڕۆژەم هەبێت، بۆیە ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن ڕێگری لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتییان بکەن.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

سەرەتا لەپەندێکی کوردییەوە دەست پێدەکەم کەدەڵێت ( دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە ) ،

دیارە دوێنێ لەڕاگەیاندنەکان لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی گەندەڵی باسمان لەوە کرد گەندەڵی لەسەرجەم شارەکان کراوە بەکەرکوکیشەوە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و پێکهاتەیەک بهێنم ، بەڵام دیارە لایەنێکی سیاسی ئێوارەی ئەمڕۆ تەوجیهی داوە لەرێگای هەندێک سوشیال میدیای ئەو حزبەوە هەوڵی ناوزڕاندنی ئێمە بدەن و باسی ئەوە بکەن گوایە ئێمە پرۆژەمان لەکەرکوک وەرگرتوە ، وەدیارە ئەوەندە کارەکەیان بەپەلە کردوە نوسراوێکیان بڵاو کردوەتەوە کە لەبەرژەوەندی منەو لەنوسراوەکە هاتوە کەمن داوای ڕاگرتنی پڕۆژەیەکم کردوە کە ٤٠٠ دۆنمە لە رجێبات نەک ئەوەی ئەو پرۆژە ئەنجام بدرێت ، بۆیە پێم وایە ئەمە ویستی خودایە بۆئەوەی ڕووی ڕاستەقینەیان دەربخات ، واسەریان لێشێواوە بەڵگەیان لەسەر خۆیان بڵاو کردوەتەوە .

هەرچەندە من حەزم دەکرد جورئەتی ئەوەیان بکردایا لەمیدیایەکی فەرمیانەوە یان بەرپرس و کادرێکیانەوە ئەو قسانەیان بکردایا بۆئەوەی لە ڕێگای دادگاوە ڕوبەڕویان ببمەوە ،

بۆ ئەو پڕۆژەی ڕجێبات ڕاستە من داوای ڕاگرتنم کرد چونکە من سەرۆکی لیژنەی مادەی ١٤٠ بووم و ئەو پارچە زەوییە کەبەنیازبون بیکەن بەپرۆژە بەپیی بەڵگەکان و نوسراوی کشتوکاڵ مەشمولە بەمادەی ١٤٠ و هاوڵاتییەکیش بەناوی عادل هات و سکاڵای کرد کە تاپۆی رەشیان هەیەو زەوییەکەیان کراوەتە پڕۆژە ، بەڵام ببینن دلێر زێدان سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و هەموو کەس دەزانێت سەربەچی لایەنێکە دەڵیت ئەو زەوییە هیچ کێشەی نییەو داوا دەکەین بکرێتە پڕۆژە ، هەروەها بابکر صدیق کەدیسان هەموو کەس دەزانێت سەربە چی لایەنێکی سیاسیی یە سەرەتا دەڵێت ئەو زەوییە مادەی ١٤٠ دەیگرێتەوە بەڵام دواتر بەچی قەناعەتیان پێکرد نازانم نوسراوێکی تری کردوە دەڵێت ئەو زەوییە مەشمول نییە بەمادەی ١٤٠ فەرموون ئەو بەڵگانە ببینن کە لێرە بڵاوی دەکەمەوە ،

ئێستا دەرکەوت کێ گەندەڵەو زەوی مادەی ١٤٠ کردوە بەپرۆژەو ئێمەش چۆن هەوڵی رێگریمان کردوە ،

جگە لەوە چونە نوسراوی دوو پرۆژەیان بڵاوکردوەتەوە هی دوو کۆمپانیا کە خاوەنەکانیان دەلۆیە گوایە لەبەر ئەوەی دەلۆن ئەو کۆمپانیانە سەربەمنن یان پارتین لەکاتێکدا خاوەنی هەردوو ئەو کۆمپانیا سەربەحزبەکەی خۆیانن و ماڵیان لەسلێمانیە ، دەرکەوت وەفایان بۆ کادرەکانی خۆیان نییە و دڵنیاشم پارەیان لێیان وەرگرتوە ئەوجا پرۆژەکانیان پێان داوە ،

لەکۆتاییدا دەڵێم منەتان بەبنی پێڵاوی منداڵێکی کەرکوک ئەگەر یەک پڕۆژەم هەیە لەکەرکوک ڕاینەگرن و بۆخۆتانی نەبن ،

دڵنیابن بەردەوام دەبم لەسەر بەدواداچون بۆ گەندەڵی لەو پڕۆژانەی کراوە لەکەرکوک لەساڵی ٢٠١٧ تا دەگاتە ئەمڕۆ .

تێبینی / تەواوی ئەو نوسراوانە ببینن

Back to top button