کۆمپانیایەکی ئیماراتی پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندنی وێستگەی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات

وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە:” کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دکتۆر عامر عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەدوەی ئیماراتی کرد. لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەرانی گشتیی گواستنەوە، دابەشکردن، پلاندانان و بەرهەمهێنان ئامادەی بوون، باس لە پلانی کۆمپانیاکە بۆ دامەزراندنی چەند وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان کرا کە تواناکەیان دەگاتە 50 مێگاوات.

لە لایەن خۆیەوە، وەزیری کارەبا ئامادەیی تەواوی وەزارەتەکەی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی دامەزراندنی وێستگەی کارەبا بە وزەی خاوێن دەربڕی.

ئێستا هەرێمی کوردستان بە گشتی 4800 تا 5000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە تەنیا 134 مێگاواتی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت. بەپێی داتا فەرمییەکان، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەپێی سەرچاوەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بووە:

%83 بە گازی سروشتی

%11 بە نەوتی ڕەش

%5 بە گازوایل

%1 بە هایدرۆپاوەر (وزەی ئاو)

Back to top button