
عەلی زەیدی: سوپاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم
لە پەیامێکدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لە بەردەوامیی حکومەتەکەی کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕایگەیاند، کە بە هیچ شێوەیەک لەو ڕێبازە پاشەکشە ناکەن.
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردەوە: حکومەتەکەمان بەوپەڕی پێداگری و حەزەوە بەردەوامە لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران، گێڕانەوەی مافەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دادپەروەری، هەرچەندە فشار و ئاڵێنگارییەکان گەورە بن، پاشەکشە ناکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی گەلی عێراق و تەواوی هێزە سیاسی و نیشتمانییەکانی کرد کە پاڵپشتی پڕۆسەی چاکسازی دەکەن، بە تایبەتی ئاماژەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەری کرد.
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم پاڵپشتییە نیشتمانییە فراوانە دەیسەلمێنێت کە جەنگی دژی گەندەڵی تەنها جەنگی حکومەت نییە، بەڵکو جەنگی هەموو نیشتمانە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و سەروەریی یاسا.