
بە گوژمەی پتر لە 11 ملیۆن دۆلار؛ مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەیەکی گەورەی بازرگانی لە دهۆک درا
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گەورەی بازرگانی بە ناوی {کوژین تاوەر} دراوە.
تێچوو و ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە:
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لە سەنتەری شاری دهۆک و بە دیاریکراوی لە گەڕەکی “ماڵتایێ” جێبەجێ دەکرێت. سەرمایەی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی ئەم تاوەرە بڕی (11,702,500$) یازدە ملیۆن و حەوت سەد و دوو هەزار و پێنج سەد دۆلاری ئەمریکییە. پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری (4030.8) مەتری چوارگۆشە بونیاد دەنرێت و ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی (36) مانگ دەبێت.
پێکهاتە و بەشەکانی تاوەرەکە:
ئەم ئاواهییە هاوچەرخە لەسەر شێوازی {30+G} دروست دەکرێت، کە پێکهاتووە لە نهۆمی زەوی (قاتی عەردی) و 30 نهۆمی دیکە، لەگەڵ دوو نهۆمی ژێرزەمین. دابەشکاری بەشەکانی تاوەرەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
پارکینگی ئۆتۆمبێل: هەردوو نهۆمی ژێرزەمین، زۆربەی نهۆمی زەوی، لەگەڵ نهۆمەکانی یەکەم و دووەم بەتەواوی بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل تەرخان دەکرێن.
کەرتی بازرگانی: بەشێک لە نهۆمی زەوی تاوەرەکە تایبەت دەکرێت بە شوێنە بازرگانییەکان وەک مارکێت و دوکانەکان.
ئۆفیسی کارگێڕی: 28 نهۆمی دیکەی تاوەرەکە تەرخان دەکرێن بۆ دروستکردنی (280) ئۆفیسی بازرگانی مۆدێرن.
خزمەتگوزاری گەشتیاری: لە بەشی سەرەوەی تاوەرەکە (بەیتونا) چێشتخانەیەکی گەورە و بەرفراوان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و گەشتیاران دادەنرێت.
ئەم پڕۆژەیە وەک یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی کەرتی تایبەت لە پارێزگای دهۆک سەیر دەکرێت کە جیا لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی چەندین هەلی کار بۆ گەنجان و پسپۆڕانی ناوچەکە.
