ئامێرێکی گرنگ بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران دابین دەکرێت

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکی فەرمی بە وەزیری تەندروستیی فیدراڵ، ڕەزامەندیی فەرمی بۆ دابینکردنی ئامێری “قەستەرەی دڵ” بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەرگرت.

دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی نووسراوێکی پێشکەش بە وەزیری تەندروستی فیدراڵ کرد بۆ مەبەستی دابینکردنی ئامێری قەستەرەی دڵ بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

دانەر عەبدولغەفار، لە نووسراوەکەیدا، جەخت لە پێویستییەکی زۆر و بەپەلەی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بۆ ئەم ئامێرە کردووەتەوە، کە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان، بە تایبەت لە کاتی تووشبوون بە جەڵتە و حاڵەتە کتوپڕەکانی دڵدا.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە نووسراوەکەیدا ڕوونکردنەوەی داوە کە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی 500 هەزار کەس، ئەمەش وا دەخوازێت خزمەتگوزاریی پزیشکیی تایبەتمەندی بۆ فەراهەم بکرێت.

دوای پێشکەشکردنی ئەم داواکارییە فەرمییە، وەزیری تەندروستیی فیدراڵ رەزامەندیی خۆی لەسەر نووسراوەکە دەربڕیوە و بە نووسینی رستەی فەرمیی “موافق لإتخاذ ما يلزم واعلامي” (ڕەزامەندم، رێکاری پێویست بگرنەبەر و ئاگادارم بکەنەوە)، بەمەش کڕینی ئامێرەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

Back to top button