
چەندین بڕیار لەبەرژەوەندی فەرمانبەران و هاووڵاتییان درا
ئەمڕۆ یەکشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانتاران کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هاووڵاتیان لە کەرتی شارەوانی و خزمەتگوزاریدا کرا و چەندین بڕیاری گرنگ دران.
لەمبارەیەوە پەرلەمانتار سەید زەمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک گرنگترین بڕیار و دەستکەوتەکانی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد کە بەم شێوەیەن:
1- پرسی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکاندا
زەوییەکانی بەحرکە: کێشەی زەویی ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر لە بەحرکە وەرگیرابوون چارەسەر کرا و لێیان نەسەندرێتەوە، هەروەها بەڵێن درا کێشەی تەواوی فەرمانبەرانی تریش بەم نزیکانە چارەسەر بکرێت.
فەرمانبەرانی گرێبەست و ناوچەکان: بەڵێن درا فەرمانبەرانی گرێبەست لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوی وەربگرن. هاوكات کێشەی زەویی فەرمانبەرانی (مەخمور، مەلا ئۆمەر، بەستۆرە، سێوەکە و مەسیف سەلاحەددین) لە زووترین کاتدا لە شوێنی گونجاو چارەسەر دەکرێت.
کەسوكاری شەهیدان و هێزە ئەمنییەکان: ئاسانکاری و (ئیستسناء) بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەکرێت کە خزمەتیان کەمە بۆ وەرگرتنی زەوی، هەروەها هەوڵ دەدرێت لە شوێنی باش پارچە زەوی شایستە بدرێتە هێزەکانی ئاسایش، پێشمەرگە و ناوخۆ.
زەوی سندوقی و زێدەڕۆکان: کێشەی زەویی سندوقی بە هاوکاری پارێزگاری هەولێر چارەسەر کرا. هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی پێشتر خانووی زێدەڕۆیان تێکدراوە و زەوییان پێدراوە، وەک “سوودمەند” هەژمار ناکرێن و بڕیاری وەرگرتنی زەوی فەرمانبەران ئەوانیش دەگرێتەوە.
2_ قەرەبووکردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
قەرەبووی سێبەردان: دوای 15 ساڵ چاوەڕوانی، کێشەی قەرەبووی زەوییەکانی سێبەردان کۆتایی هات و لە (باغڵۆمنارە) قەرەبووەکانیان وەردەگرن.
شەقامی 60 مەتریی بەحرکە و ڕێگای زرارەتی: بڕیار درا لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کارەکانی شەقامی 60 مەتریی بەحرکە (کە وەستابوو) دەست پێ بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی. هاوکات کێشەی چاڵ و چۆڵی ڕێگای بەحرکە تا دەگاتە دەڤەری زرارەتی چارەسەر دەکرێت.
خزمەتگوزاریی گەڕەکی کۆری: دەرخستە لەسەر بودجەی وەزارەت بۆ ئەم گەڕەکە کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا خزمەتگوزاری دەگاتە ئەو ناوچەیە.
3_ ژینگە و کەمکردنەوەی ڕۆتین
فراوانکردنی سەسوزایی: بڕیار درا گرنگیی زیاتر بە دروستکردنی باخچە و سەسوزایی بدرێت لە چەندین گەڕەکی شاری هەولێر، لەوانە: (سەلاحەددین، ئاری، مەلایان، کوران، بەرخودان، شۆڕش، بەستەپیازە، تەیرەوە، سەیداوە، سیتاقان، نەورۆز).
کەمکردنەوەی ڕۆتین: جەخت لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتینیاتی کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیدا کرایەوە بۆ کارئاسانیی زیاتری مامەڵەی هاووڵاتیان.