
کێشەیەکی ئەمنی لە کۆرمۆر هەناردەی غازی ڕاگرت؛ بەرهەمهێنانی کارەبا 2500 مێگاوات کەمی کرد
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی دروستبوونی گرفتێکی ئەمنییەوە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی کەمبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت کە ئەمڕۆ 16ی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەم کێشەیە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 مێگاوات لە هەرێمی کوردستاندا.
وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان و هاوبەشانی کارەبا کە ئەم حاڵەتە کاتییە و دەڵێت: “سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن و کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، تا دۆخەکە بە زووترین کات ئاسایی ببێتەوە.”